Heman Hussein Yaseen
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2019
هەولێر -AA
قایمقامی شنگال و راوێژکار بۆ کاروباری ئێزدییان لە پەرلەمانی کوردستان مەحما خەلیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رەوشی شنگال خراپە و لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤دا تا ئێستا جینۆسایدی مرۆڤ و جوگرافیا و ئابووری بەردەوامە، هێزی چەکدار لە شنگال لە دەرەوەی یاسان، پەکەکە ئەو شوێنەی کۆنتڕۆڵکردووە و ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو نییە و ژیانی خەڵک لە مەترسیدایە".
قایمقامی شنگال مەحما خەلیل گوتیشی: "لە ئێستادا ٣٦٣ هەزار شنگالی لە ژێر کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و، ٤٥٠ هەزار کەس زیاتر چوونەتە دەرەوە و، زیاتر لە سەدا ٨٠ی خەڵک نەگەڕاونەتەوە شنگال کە ئەمەش بێگومان کێشەکە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە، چونکە پێویستە رزگارکردنی مرۆڤ هەبێت نەک رزگارکردنی شوێن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قایمقامی شنگال، حکوومەتی عێراقی بەهۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکی شنگال زانی و جەختی لەوەکردەوە کە داوایانکردووە هێزێکی هاوبەشی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم ناوچەکە بپارێزن و پێویستە هێزە نایاساییەکان ناوچەکە چۆڵ بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "لە راستیدا ئاسایشی ناوچەکە پارێزراونییە، حکوومەتی بەغدا هۆکار بووە کە خەڵک نەگەڕاوەتەوە چونکە ئاستەنگی سیاسیی و ئەمنیی و ئابووری هەیە، هەر بۆیەش داوامان لە بەغدا کردووە کە هێزێکی هاوبەشی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەبن و هێزەکانی دیکەی وەک پەکەکە و حەشدی شەعبی لەوێ نەمێنن و ناوچەکە چۆڵ بکەن".
قایمقامی شنگال پێی وایە دەبوو پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە فیلتەرێکی ئەمنییدا تێپەڕبووایە و ئاشکرای دەکات کە چەند داعشێک خۆیان خزاندووەتە ناو شنگال و لەمبارەیەوە گوتی: "دەبوو فلتەرێکی ئەمنیی هەبوایە لە کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکان چونکە بەشێک لەوێ بەرۆژ مەدەنی و بەشەو داعشن و ئەمەش زیاتر ناوچەکەی ئاڵۆزکردووە".
ناوبراو ئاشکرایشی دەکات ماوەی دوو ساڵ دەبێت هیچ رێکخراوێکی بیانیی سەردانی خەڵکی شنگالی نەکردووە و گوتیشی: "خەڵکی شنگال رەوشیان خراپە. پێش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ رێکخراوە بیانییەکان سەردانی ئاوارە و ناوچەکەیان دەکرد بەڵام دوای ئەو بەروارە هیچ رێکخراوێکی بیانی سەردانی ناوچەکەی نەکردووە".