Necmettin Karaca
26 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
وان - AA
فلامینگۆ کە دیاردەیەکی سەرنجراکێشی وان-ە و بە سەدانیان لە دەریاچەی واندا لە تورکیا دەژین، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا ناوچەکە بەرەو ئەفریقا بەجێ دەهێڵن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بوونی فلامینگۆ لە نزیک دەریاچەی وان دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی داوەتە ناوچەکە و پاڵپشتێکە بۆ هاتنی گەشتیاران.
لە ئێستاداو بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە بە سەدان فلامینگۆ کە لە کەنار دەریاچەی وان و لە کەنارەکانی چەلەبیباغ، قاسمباغ و گۆلاغزی سەر بە شارۆچکەی ئەرجیش جێگیر بوون بەرەو ناوچەکانی ئەفریقا کۆچ دەکەن.
فلامینگۆکان بێچوەکانیان لە نزیک دەریاچەی وان گەورە دەکەن و بە زستان بەرەو وڵاتانی ئەفریقا بەڕێدەکەون.
فۆتۆگرافەرانیش ئەمە بەهەل دەزانن و سەردانی ناوچەی چەلەبیباغ دەکەن تاکو وێنەی سەرنجراکێشی رەوی بەکۆمەڵی فلامینگۆکان بگرن کە تێکەڵ بە سروشت بووە.

- لەنزیک حەوزەی دەریاچەی واندا پشوو دەدەن
مامۆستای بەشی بایۆلۆجی لە کۆلێژی زانستنی زانکۆی یوزیڵنجی وان پرۆفیسۆر دکتۆر ئۆزدەمیر ئادزەل ئاماژە بەوە دەکات کە دەریاچەی وان خانەخوێیی ٢٣٤ جۆر باڵندە دەکات و سەرچاوەیەکی خۆراکی باشیشە بۆ فلامینگۆکان.
ئادزەل ئاماژە بەوە دەکات کە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووهەم ڕەوی فلامینگۆکان تەواو دەبێت و دەڵێت:
"فلامینگۆکان لەدەریاچەی وان راگوزەرن. کاتێک ئەوان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچ دەکەن دێنە حەوزەی دەریاچەی وان، لەوێ چەند مانگێک دەمێننەوە دواتر دەست دەکەنەوە بەکۆچ. ئەمساڵ لە چەلەبیباغ فلامینگۆکان زۆر زیادیان کردبوو. دەتوانین لە چەند ناوچەیەکی جیای سەر دەریاچەی وان فلامینگۆکان ببینین. لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا دێنە ئەم حەوزەیە، دواتر بەرەو دەریاچەکانی ورمێ و خەزەر دەڕۆن، لەکاتی گەڕانەوەدا پاش ئەوەی کەمێک لە حەوزەی دەریاچەی وان پشوو دەدەن، بەرەو ئەفریقا بەرێ دەکەون.
ئەم کۆچ و رەوەی فلامینگۆکان و پشوو دانیان لە رۆخی دەریاچەی وان، سەرنجی فۆتۆگرافەران رادەکێشێت.
یاریدەدەری سەرۆکی سەندیکای فۆتۆگرافەرانی جیهانی عارف تاشدەمیر ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ گرتنی وێنەی بێهاوتای دەریاچەی وان چەندین چالاکی ئەنجام دەدەن.
ئەو باس لەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر فۆتۆگرافەر لە شارەکانی تورکیاوە دەچنە شارۆچکەکە بۆ گرتنی وێنەی رووداوە سروشتییەکان لەوانە رەوی بەکۆمەڵی ماسیەکان لە مانگی حوزەیراندا. ئێستاش کۆچی فلامینگۆکان.