کەمپی گەورگۆسک دەکەوێتە نزیک قەزای خەبات لە پارێزگای ھەولێر، ئەو کەمپە نزیکەی پێنج ھەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستانی تێدا نیشتەجێکراوە.
ئەنجومەن و دانیشتوانی کەمپەکەو نیگەرانن لەڕەوشی تەندروستی و نەبوونی دەرمان و پزیشک لەکەمپەکەدا.
سەعدون حەمدون، ئەنجومەنی ئاوارەکانی کەمپی گەورگۆسک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپ دۆخیان باشەو حکومەتی ھەرێم و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ھاوکاریی باشیان کردووین و کەمتەرخەمییان نەکردووە. بەڵام دوو کێشەی سەرەکیمان ھەیە، نەبوونی ھەندێک خۆراکی ڕۆژانە، لەگەڵ نەبوونی پزیشک و دەرمان لەو بنکە تەندروستییەی بۆ کەمپەکە کراوەتەوە."
کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستی وایکردووە، بەشی زۆری نەخۆشەکان ببرێنە نەخۆشخانەکانی ناو شاری ھەولێر.
عادل نوری ڕاوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ AA گوتی: "دوای بەسەرکردنەوەی کەمپەکانی ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێم، بۆمان دەرکەوت ڕەوشی تەندروستی لەو کەمپانە وەک پێویست نییەو پەنابەران نیگەرانن."
نوری گوتی: "چەند نەخۆشییەک لەو کەمپانە بڵاوبونەتەوە بەتایبەتی کەمپی دارە شەکران کە ١٦٠ حاڵەتی نەخۆشی زەردویی لەناو مندالان تەشەنەی سەندووە، بۆئەو مەبەستە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھان WHO و تەندروستیی ھەرێممان ئاگادار کردۆتەوە بۆ ھەڵمەتی کوتان لەو کەمپانەدا."
بەرپرسەکەی وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد سێ کەمپی نوێی گەورە بۆ ئاوارەکان لەپارێزگاکانی ھەرێم دروست دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی عێراق بڕی شەش ملیار دیناری تەرخان کردووە.