Ata Ufuk Şeker
09 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2021
برۆکسل - AA
بهڕێوهبهری جێبهجێكاری کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجیای ئەڵمانی بایۆنتێک و زانای بە رەچەڵەک تورک پرۆفیسۆر ئوغور شاھین، ئاشكرای كرد، بۆ خۆپاراستنی باشتر لە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە دۆزی سێیەمی ڤاکسین وەربگیرێت.
ئوغور شاھین و ئۆزلەم تورەجی کە دامەزرێنەری کۆمپانیای بایۆنتێک-ن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سەبارهت بەو ڤاکسینەی کۆرۆنا كه بهرههمیان هێناوه و زانیارییه دهستخراوهكانیان دەرباری جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسەکە، ئەنجامدا.
ئۆغوز شاھین، باسی لەوە کرد کە لە کارە سەرتاییەکانیاندا توێژینەوەیان لەسەر کاریگەری جۆری ئۆمیکرۆن لەسەر ئەو کەسانەی کە دوو دۆز و ئەوانەی کە سێ دۆز ڤاکسینی بایۆنتێکیان وەرگرتووە ئەنجامداوە و ئاماژەی بەو کرد کە ئەنجامە سەرەتاییەکان ئەوەیان نیشانداوە کە دۆزی سێیەمی بایۆنتێک بەرگریی لە ئاستی پێویستدا ھەیە لە بەرامبەر جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
شاھین گوتی: "ئەو داتایانەی کە لە بەردەستماندایە بەروونی گرنگی دۆزی سێیەم نیشاندەدات".
ئاشکرایشی کرد ئهگهر پێویست بكات، ئهوا دەتوانن تاکو مانگی ئادار ڤاکسینێکی نوێ بۆ رووبەرووبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆن ئامادە بکەن و گوتی: "باشترین كار لەم قۆناغەدا بۆ بەدەستھێنانی بەرگریی زیاتر، وەرگرتنی دۆزی پشتیوانییكاره و بەم شێوەیە ئاستی دژەڤایرۆس زیاد دەبێت".
لای خۆیەوە ئۆزلەم تورهجی، ئەوی راگەیاند کە دۆزی سێیەمی ڤاکسینی بایۆنتێک جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە چالاکی خستووە.
تورەجی گوتی: "بەشی یەکەمی داتاکانمان، ئەوە نیشان دەدات کە دۆزی سێیەم بەرگریی پێویست بۆ ئەو نەخۆشییە قورسەی کە بەھۆی جۆری ئۆمیکرۆنەوە تووشبووە، دابین دەکات".