Sarmand Hameed
05 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی سێ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگای هەولێر راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە تووشبووەکان؛ پیاوێکی تەمەن 37 ساڵ، ئافرەتێکی تەمەن 27 ساڵ و منداڵێکی تەمەن 9 ساڵانە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، هەرسێ تووشبووەکە دانیشتووی شارۆچکەی سێبیران سەر بە قەزای خەباتن لە پارێزگای هەولێر و بەرکەوتووی ئەو تووشبووەن کە ئەمڕۆ دەست نیشانکرا.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٩١ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ٢١٢ حاڵەت لە پارێزگای ھەولێر، ١٣٨ لە پارێزگای سلێمانی، ١٩ لە پارێزگای دھۆک و ٢٢ حاڵەتیش لە پارێزگای ھەڵەبجە تۆمارکراون و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە کە چواریان لە پارێزگای سلێمانی و حاڵەتێک لە پارێزگای هەولێر بووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.