Hawkar Yaseen
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر-AA
گوتەبیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە تایبەت بە راگەیاندنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا رێکخرابوو لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا رایگەیاند "پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە گەیشتووە و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
جوتیار عادل گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا شەش مووچەی دابەشکردووە، ئەوی دیکەشی کە دواکەوتووە و نەدراوە هۆکارەکەی حکوومەتی عێراق بووە، لەبەرئەوەی حکوومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ٥،٦،٧ نەناردووە و لەبەرئەوە بووە کە مووچە دواکەوتووە".
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینی لەسەدا ١٨ ئامادەکراوە و بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و سبەی یەکەم وەزارەت، تەندروستی مووچە وەردەگرێت، بڕیاریشوایە لەماوەی چەند رۆژێکدا، دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە کۆتایی بێت و هەموو وەزارەت و دەستەکان مووچەی مانگی ئەیلوولیان پێبدرێت.