Heman Hussein Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ھەموو دەرگاکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرجەم ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێم لەبارەی چارەسەکردنی کێشە بازرگانییەکان بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح بەرێوەچوو کە تیاییدا سەرۆکی ژووری بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداربوون.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، تیشکی خستەسەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاند کە پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازییەکانییان تاوتوێکردووە و ئەوەیشی خستەڕوو کە ھەموو دەرگایەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکەن کە لە نێوان ھەرێم و بەغدا دا ھەیە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئومێد سەباح گوتی: "لەسەر ڕێنمایی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی عێراق ئەنجامداوە، مەبەست لێی کردنەوەی ھەموو دەرگایەک بووە بە ڕووی دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی بۆچارەکردنی کێشەکان".
ئومێد سەباح گوتیشی: "مانگەکانی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی ئابووری فیدراڵ کۆبووینەوە، دواتر کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا، ئەمەش سێیەمین کۆبوونەوەیە لەگەڵ ژووری بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ھەموو پارێزگاکانی عێراق ئەنجامی دەکەین".
لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش، ئومێد سەباح گوتی: "کۆبوونەوەکە بەرھەمدار بوو، باسی زۆر بابەتمان کرد، لەوانە پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ماون، ھەروەھا باشتر و پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، بێگومان لە داهاتووشدا کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت".