Heman Hussein Yaseen
03 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
بڕیارە مانگی داهاتوو، پارێزگاری ورمێ سەردانی هەلێر بکات و لەبارەی پەرەسەندنی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێ لە ئێران گفتوگۆ بکەن.
لەم بارەیەوە بەرپرسی کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا ئاکرەیی دەڵێت، تێبینمان لەسەر ئاسانکارییەکان هەیە کە وەک پێویست نین، بۆیە داوامان کردووە کە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت.
ئێوارەی ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و لە میانیدا لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ)، محەمەد سادق موعتەمدیان کۆبووەوە و دواتریش ھەردوولا لەدوای دووپاتکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی رابردوو و بەردەوامدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان، لەدوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای پسپۆریی بەمەبەستی بەرفراوانکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییە ھاوبەشەکان، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
بەرپرسی کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدوڵڵا ئاکرەیی کە یاوەری شاندەکەی پارێزگاری هەولێر بوو بۆ ورمێ، رایگەیاند کە مانگی داهاتوو بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ورمێ، پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ)، محەمەد سادق موعتەمدیان سەردانی هەولێر دەکات.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی لەبارەی سەرانەکەی ئومێد خۆشناو بۆ ورمێ گوتی: "سەردانەکە لەسەر داوای پارێزگاری نوێی ورمێ بوو، پارێزگاری هەولێر لە هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان نوێنەرێکی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئێران، ئامانج لەو سەردانە پەرەپێدانی کاروباری بازرگانی بوو بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی لەسەر رێگای بازرگانان هەیە، نەیهێڵین".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "پارێزگاری ورمێ جیددییە لە کارەکەی و ئامانجی ئەوەیە کە ئەو سنوورانەی لەگەڵ هەولێر هەیەتی، بەهێزیان بکات و ئاستنەگەکان نەهێڵێت، چونکە ئێمە دوو کۆمەڵگامان هەیە، حاجی ئۆمەران و تەمەرچین، هەروەها مەرزی کێلێش هەر لەگەڵ پارێزگای ورمێ-یە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیادا دەکرێت، بەڵام ئێمە لێی رازی نین، چونکە ئاستەنگ هەیە لەبەردەم بازرگانان، بۆیە ئامانجی ئێمە چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەم ئاستەنگانەیە، هەربۆیەش بڕیارە مانگی داهاتوو، پارێزگاری ورمێ سەردانی هەلێر بکات و درێژە بە کارەکانییان بدەن".
بەگوتەی بەرپرسی کاروباری ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای رێککەوتننامەکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرەو باشتر دەچێت و بازرگانان کۆمەڵێک کێشە و گرفتیان چارەسەر دەبێت.
یەکێک لە کێشەکانی گەشتیاران، چوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و ماوەی چەند ساڵێکە ئەم رێکارانە دراوە بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و بڕی ٢٥٠ دۆلار لە هەر ئۆتۆمبێلێک وەردەگیرێت کە بەنیازی سەفەرکردنە بۆ وڵاتی ئێران، بەڵام رۆژی ١٤ی تەمووزی ٢٠٢١، بەشی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بڵاوی کردەوە کە ئەوانەی بە نیازن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی وڵاتی ئێران بکەن، بەپێی بریاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکانی کۆمپانیای شەو و رۆژ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کۆتایی پێ ھاتووە و پێویست ناکات ھیچ گەشتیارێک سەردانی کۆمپانیاکە بکات و دەروازەی حاجی ئۆمەران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە گفتوگودایە بەمەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمێکی گونجاو.
سەبارەت بەم بابەتە بەرپرسی پەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ئێران، ئەوا ئیدارەی گومرک لە ئێران هەندێک رسومات وەردەگرێت کە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ دۆلارە، بەڵام ئێمە تێبینمان لەسەر ئاسانکارییەکان هەیە کە وەک پێویست نین، بۆیە داوامان کردووە کە ئاسانکاری بۆ گەشتیاران بکرێت و هەر کاتێک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی هەرێم رۆیشت بۆ ئێران، ئەوا ئاسانکاری بکرێت و لەوێ ئیشوکارەکانی بۆ بکرێت و کارەکانی نەمێنێتەوە بۆ شەو".