Heman Hussein Yaseen Yaseen
22 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2019
هەولێر - AA
بەچاودێری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداریی ٢٠٠ کۆمپانیا، یازدەهەمین پێشانگای ھەولێر بۆ پێداویستییەکانی بیناسازی و کەرستەی بیناسازی و کرایەوە.
لە رێورەسمەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی و وەزیری پلاندانانی هەرێم، عەلی سندی و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم، دەرباز کۆسرەت ئامادەیبوون.
لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ١٢١ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیی، پیرۆزبایی لە سەرجەم راگەیاندکاران کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵات تەندروستتربێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "وەک دەیبینن کە جموجۆڵێک و گڕوتینێکی بەهێز هەیە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە رۆژ دوای رۆژ متمانە دەگەڕێتەوە. بێگومان ئێمە کاتێکی زۆر سەختمان تێپەڕاندووە و وەزارەتەکانیش درێخییان نەکردووە. لە هەمانکاتدا کردنەوەی ئەم پێشانگایە و کردنەوەی بەشی گەورەی سعوودی و تورکی و ئێرانی کاریگەری ئەرێنیی لەسەر پەیوەندییەکان دەبێت و هیوادارین ئەم پێشانگایە ببێتە پاڵنەرێک بۆ کەرتی ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان".
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "بێگومان ئەم پێشانگایانە پەیوەندییەکی باشی دەبێت لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکان کە ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆجیایە و دامودەزگاکانی حکوومەتیش دەتوانن ئاشنابن و نزیککردنەوەی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی خۆماڵی و بیانییە و ئەمەش گەشەپێدانی رۆڵی کۆمپانیاکانە و کەرتی تایبەت دەتوانێت زۆر کاری وا بکات کە رەنگە حکوومەت نەتوانێت بیکات و ئێمە پشتیوانی ئەوەین کە کەرتی تایبەتی بەهێزمان هەبێت".
راشیگەیاند کە کۆنسولی سعوودی هیوای خواستووە کە لە ساڵی داهاتوو رێژەی بەشداریکردنی کۆمپانیاکانییان بەرزبکەنەوە و لە زۆر بوارەوە هێزی خۆیان نمایش کردووە و دیارە پێشکەوتنێکی زۆریان بە خۆیانەوە بینیووە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەکاتی پەسەندکردنی یاسای وەبەرهێنانی کوردستان، گەشەپێدانێکی خێرا رووی لە هەرێم کرد و ئەمەش وایکرد پردێک دروست بکات لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بەڵام دواتر بە هۆی شەڕی تیرۆر و کێشە داراییەکان، سستیی کەوتە نێو ئەو پەیوەندییانە و ئێستاش ئاماژەکان وا نیشان دەدەن کە دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات".
یازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ پێداویستییەکانی بیناسازی چوار رۆژ دەخایەنێت.