Alaattin Doğru
21 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
رۆژنامەی لی مۆند'ی فەڕەنسی بڵاوی کردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لەو وڵاتە، بووەتە هۆی ئەوەی کارگەکان چۆک دابدەن و ناچار بن بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە یاخود رایبگرن.
رۆژنامەکە هەواڵێکی بە ناوی "نرخی وزە زیاد دەکات و کارگەکان دادەخرێن" بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، ژمارەیەکی زۆر لە کارگە بچووک و مامناوەندەکان بەرهەمهێنانیان سنووردار کردووە و تەنانەت بەشێکیان بەرهەمهێنانیان بەتەواوی راگرتووە و پێ دەچێت تا دێت دۆخەکە خراپتر بێت.
ئاماژە بەوە دراوە کە لەبەرامبەر ئەو رێوشوێنانەی حکوومەت بۆ دەستپێوەگرتن بە وزە گرتوونیەتە بەر، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان چۆکیان داداوە و بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
رۆژنامەکە بیری خستووەتەوە کۆمپانیای زەبەلاحی بەرهەمهێنانی شووشە Duralex بۆ ماوەی پێنج مانگ بەرهەمهێنان رادەگرێت، نووسیوویەتی: "هەرووەها کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ستیل LME رایگەیاندووە لە ٣١ی کانوونی دووەمەوە بەرهەمهێنان رادەگرێت و ArcelorMittal بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە و Arc France ئاستی بەرهەمهێنان نیواونیو کەم دەکاتەوە".
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تاکوو دێت ژمارەی ئەو کارگانە زیاد دەکەن کە بەرهەمهێنان کەم دەکەنەوە و دادەخرێن و تیایدا هاتووە: "کۆمپانیای بەرهەمهێنانی داڕشتەی ئاسن کە سەربە گرووپی کۆمپانیاکانی Le Bronze-Alloysە لە ١٦ی ئەیلوولەوە بڕیاری داوە بەرهەمهێنان رابگرێت، هەروەها دەیان هەزار کارگەی بچووک و مامناوەند کە لە بواری پیشەسازیی ستیل، شووشە و کانزادا کار دەکەن و پێویستییان بە وزەی زۆرە، دووچاری مەترسی داخستن بوونەتەوە".