Zana Natık Kerem
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە یەکێک لە بانکەکانی سەربە حکوومەت بەردەوامە، ھاوکات ھێرشی کردە سەر ژمارەیەک کەس و لایەن لەوەی ھەوڵدەدەن دۆسیەکە بۆ خولقاندنی گرژی و ئاڵۆزی، ھەروەھا شاردنەوەی گەندەڵیی گەندەڵکاران بەکاربھێنن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەکەی حکوومەت داوە و رایگەیاند کە ھەر لەگەڵ دەستبەکاربوونیان لە پۆستی سەرۆکوەزیران، پلانی چاکسازی لە بواری ئابوورییدا دانا و گوتوویەتی: "توانیمان ئابووریمان لە رووخان رزگار بکەین و گەشەی پێ بدەین".
راشیگەیاندووە کە بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا عێراق خێراترین گەشەی ئابووریی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەخۆوە دەبێنت و لە جیھاندا دووەمین وڵاتە بەڕێژەی سەدا ٩،٣ گەشەی ئابووریی بەخۆوە بینووە کە ئەمەیش بۆ خۆی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی حکوومەتەکەی.
مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا باسی زیادکردنی یەدەگی عێراق لە زێڕ و دراوی بیانی کردووە و ئاشکرای کردووە کە لەکاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا، یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی ٤٩ ملیار دۆلار بوو و رووی لە پاشەکشەدابوو، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە ٨٥ ملیار دۆلار، ھەروەھا یەدەگی زێڕیش کە ٩٦ تۆن بوو زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣٤ تۆن و گوتوویەتی: "ھەموو ئەمانە لەچوارچێوەی پەڕەی سپیی کە پێشتر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئابووریی رامانگەیاندبوو بەدیھاتووە، نەک وەک ئەوەی ژمارەیەک کەس دەڵێن کە گوایە بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بەدیھاتووە".
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی دۆسیەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا رایگەیاندووە "تایبەت بەم دۆسیە ژمارەیەک لایەن ھەوڵیاندا لەڕێگای تۆمەتبارکردنی حکوومەت، گەندەڵکاران بپارێزن، بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە حکوومەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی داراییەوە ھەیە و گوتی:" لە ساڵی ٢٠٢١دا وەزیری پێشووی دارایی، عەلی عەللاوی-م لەو دۆسیە ئاگادارکردبوویەوە لەسەر و داوام لێکردبوو لێکۆڵینەوە بکات و لای خۆیەوە عەلی عەللاوی فەرمانێکی دەرکرد و تیایدا سەبارەت خەرجکردنی ھەر بڕە پارەیەک لە دەستەی گشتیی باج، بەبێ رەزامەندیی وەزیر قەدەغەکرد".
گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەستی پێ کراوە، بەڵام ھەندێک لایەن دەیانەوێت ھەموو سەرکەوتنەکانمان پەکبخەن، ھەر لە رۆژی یەکەمەوە، پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیمان راگەیاند کە بەھۆیەوە رووبەڕووی گوشاری گەورە و ھەڕەشە بووینەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ھەر لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەکە بەردەوامە و گوتی: " ماوەی چەند مانگێکە، دادگا لەبارەی ئەو دۆسیەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام ھەندێک کەس کە زانییویانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ھەوڵیاندا گرژی و ئاڵۆزی دروست بکەن، ئێستا دۆخەکەیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی رەوشەکە بشڵەژێنن، ئەوەیش بە ئامانجی شاردانەوەی گەندەڵی گەندەڵکاران".
رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ وەزیری نەوتی عێراق، ئێسحان عەبدولجەبار لە تویتێکدا رایگەیاندبوو کە کاتێک پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت وەرگرتووە، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتیی باج لە بانکی رافیدەیندا دزراوە و ئاشکراشی کردبوو کە لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەو دۆسیەی ئەنجامداوە و ئەنجامەکەیشی پێشکەش بە لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.