Zana Natık Kerem
17 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە پڕۆژەی راکێشانی بوری نەوتی (بەسرە - عەقەبە)، پڕۆژەیەکی نوێ نییە و بۆ ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و ئاماژەی بەوەیش دا کە پڕۆژەکە تا ئێستا پەسەند نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیھاد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە پڕۆژەی راکێشانی بوری نەوتی (بەسرە - عەقەبە)، پڕۆژەیەکی نوێ نییە و بۆ ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و گوتی: "لە دوای ٢٠٠٣وە، سەرجەم حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق پاڵپشتییان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە".
باسی لەوەش کردووە کە وەزارەتی نەوت پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراون و گوتی: "پڕۆژەی راکێشانی بوری نەوتی (بەسرە-عەقەبە) تا ئێستا پەسەندنەکراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی تا ئێستا رەوانەی ھیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەکراوە، وەزارەتی نەوت پەرۆشی ئەوەیە سامانی وڵات بەباشی بەڕێوەببات و بپارێزێت".
عاسم جیھاد روونیشی کردەوە کە پڕۆژەکە دوو قۆناغ لەخۆدەگرێت، یەکەمیان بەسرە-حەدیسە و بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک بوری گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ پاڵاوگەکانی نەوت و وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و گوتی: "قۆناغی دووەمیش لە حەدیسە دەست پێ دەکات بۆ ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کە ئەمەیش یەکەم بیرۆکەی پرۆژەکەیە".
جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە تا ئێستا ھیچ گرێبەستێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە واژوو نەکراوە، بەڵام حکوومەتی داھاتووی عێراق پڕۆژەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەڵدەسەنێگێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت.