Abdullah Shukur
27 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2016
کرشەھیر
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە زانکۆی ئاھی ئەڤران گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەو سیستەمەی لە دوای کودەتای ٢٧ ی ئایارەوە دروست بوو، بەداخەوە تا ئێستا کاریگەرییەکەی بەردەوامە. بەھەمان شێوە ئەمڕۆ جەھەپە دێت و ھەوڵی دەڤشیرمەکردنی دەسەڵات دەدات. جەھەپە ھیچ پرۆژەیەکی پێشکەش نەکردووە بۆ دەستووری نوێ، بەڵکو بە وشەی 'خوێن' ھەڕەشە لە میللەت دەکات".
ئەردۆغان گوتیشی: "ھەروەکو پێشینان گوتوویانە "خووی شیری تا پیری"، ئەنجامدانی کوودەتا چووەتە نێو جینایەتەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی. سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٦ ساڵ بەڵام بەھیچ شێوەیەک ئەم خووە نەگۆڕاوە".
ئەردۆغان زیاتر دوا و گوتی: "رازی نابین بەوەی گەلەکەمان ئازاری تر بچێژن، رێگە نادەین گەنجانمان بەکار بھێنن وەک داشی دامە، بۆ دەسەڵات. چاو نانووقێنین لەو خوێنمژانەی نێو سیاسیەت کە خوێن بووەتە خولیایان".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی گوتاری جنێوئامێزی پەرلەمانتارێک گوتی: "سیاسەتمەدارێک لە پەرلەمان گوتار پێشکەش دەکات و بەشێوەیەکی ئاشکرا جوێن بە سەرکۆمار دەدات. ئەمە رەخنە نییە بەڵکو جوێنە. سەرۆکی پارتێکی سیاسی ھەڵناستێتەوە بڵێ ئێوە چی دەکەن؟ چونکە ھەر خۆی ئەو سیناریۆیەی داناوە. ئێستا من و گشت ئەو پەرلەمانتارانەی قسەی ناشرینیان پێ گوتراوە، سکاڵای خۆیان پێشکەش کردووە. چونکە مافی ھیچ کەسێک و پەرلەمانتارێک نییە کە لە ژێر چەتری پەرلەمان جوێن بدات".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "حکوومەتی نوێ تەمەنی ١٨ ساڵی وەک تەمەنی ھەڵبژاردن و دەنگدان دیاری کردووە. ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ داھاتووی گەنجان بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەوەی تەمەنی ١٨ ساڵە دێتە نێو پەرلەمان، بەڵکو ئەوەی کە توانای ھەیە دەتوانێت بچێتە نێو پەرلەمان".
ئەردۆغان لەبارەی سیستەمی سەرۆکایەتی و دەستووری نوێ گوتی: "ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە، ئیشەڵڵا دەستووری خۆیان دەنووسنەوە و بڕیار دەدات لە سەر سیستەمی ئیدارەدان، ئەوانەی کە تایبەتمەندی میللەت نابینن، رۆژێک دێت دان بە ھەڵەی خۆیاندا دەنێن. دیموکراسییەکەمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی مشتومڕ لەسەر ھەموو شتێک بکات بەتایبەت سیستەمی سەرۆکایەتی. ھیچ گومانم نییە لە قۆناغی داھاتووماندا ئەم پرسە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گەل و وڵاتمان".