رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لەگەڵ خەڵکی مانیسا، باسی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دەست لەکار کێشانەوەکانی نێو ئاکپارتی کرد و گوتی: "ئێمە دەتوانین بە پشت بەستن بە دۆعای خێری خەڵک ھەموو ئەو پیلانگێڕییانە پۆچەڵ بکەینەوە. کە چەند کەس و لایەنێک ویستیان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی، هەوڵیاندا داواکارییەکانی خۆیان بە سەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە ئێستە لە رێی دانانی پلانگێڕییەوە دەستیان بە ھەوڵدان کردووە، بۆ ئەو مەبەستە دووبارە لە ئیستەنبوڵ چەند سەدکەسێکیان خڕ کردۆتەوە، باوەڕ ناکەم لەمەشدا سەرکەوتوو بن."
ئەردۆغان داوای لە کادرو ئەندامانی ئاکپارتی کرد، ھەوڵ بۆ خزمەت و کار کردن بدەن تا ئەو "پیلانگێڕییانە" پۆچەڵ بکەنەوە.
ئەردۆغان لە بارەی دەست لەکار کێشانەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئاکپارتی، کە حەفتەی رابردوو بەشوێن یەکدا رایانگەیاند،گوتی:"چەند کەس و چەند ئەندامێک دەڵێن دەستمان لە کار کێشاوەتەوە، راست نییە ئێمە وەک ئاکپارتی ئاژاوەگێڕانمان لە نێو ئاکپارتیدا دەرپەڕاند، چونکە ئاک پارتی چی دیکە ناتوانێ لە نێو خۆیدا جێگا بۆ کەسی ئاژاوەگێڕ بکاتەوە. خۆمان بەسین، پشت بەخوا ھیچ ترس و گومانێکمان نییە، چۆن لە رابردوو دژی ئاکپارتی ھەوڵدانی جیاجیا لە ئارادابوون، ئەمڕۆیش ھەمان ھەوڵدان بە رێبازی دیکە درێژەیان پێ دەدرێ، ئەوانەی دوێنێ دژایەتی ئێمەیان کرد، ئەمڕۆ ناوی یەکیان نەماوە، ئەو پارتە بۆ دژایەتی کردنی ئێمە دایانمەزراندبوو، ئەویش نەما."
لە بارەی کار و چالاکییەکانی داھاتووی ئاکپارتی و ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ئەردۆغان رایگەیاند: دەبێ ئەندامانی ئاکپارتی گەڕەک بە گەڕەک، کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بەماڵ بگەڕێن و راستییەکان بۆ خەڵک روون بکەنەوە.
ئەردۆغان لە بەردەوامی گوتارەکەیدا باسی لە ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیشی کرد و بەو جۆرە قسەکانی درێژە پێدا:" سەیر بکەین ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، ھەڵمەتێکە لە دژی تورکیا، شتی سەرنجڕاکێش کاتی دەستپێکردنی ئەو ھەڵمەتەیە، ئەو ھەڵمەتە لە عەرەفەی ھەڵبژاردنەکاندا دەستی پێکردووە، با ھەمووان بزانن ئەو ھەڵمەتە نە بۆ دژایەتیی شەخسی ئەردۆغانە نە بۆ دژایەتیی ئاک پارتییە، بەڵکو بۆ دژایەتیی ئیرادەی نەتەوەییە، چەند کەس و لایەنێک نایانەوێ تورکیا بەھێز بێ، لە تورکیا ئاشتی و ئارامی ھەبێ، بۆیە دەستیان بە ھەڵمەتێکی بەوجۆرە کردووە. بەداخەوە چەند کەس و لایەنێک ھەوڵیان داوە لە نێو دەوڵەتدا شانبەشانی دەوڵەت پێکھاتەیەک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، بە داخەوە ئەو جۆرە پێکھاتەیش دەیەوێ بە بیانووی پڕو پوچ بارودۆخی تورکیا تێک بدا."