دیدارەكانی فەڵەستین و ئیسرائیل لەبارەی دانوووستانی ئاشتیی لەناكاو لەلایەن رابەری دانووستانەكان لەباڵی فەڵەستین سائب عورەیقاتەوە وەستێنرا.
عورەیقات لە نووسراوێكدا ھۆكاری وەستاندنی دیدارەكانی بەمشێوەیە روونكردۆتەوە و گوتی: "لە ھەموو ئەو دیدارانەی لە مانگی تەموزەوە تا ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل سازمانداوە، ھیچمان بە ھیچ نەكردووە و ئیسرائیل تەنیا كات بەسەر دەبا و وتوێژەكان ھەرەسیانخواردووە. لەمیانی ئەو دیدارانەدا ئیسرائیل ٣٣ فەڵەستینی كوشتووە، زیاتر لە پێنج ھەزاریشی دەربەدەركردووە و خانووەكانی خاپووركردوون، ھەروەھا چەندین رێگای سەرەكیی لە كەرتی غەززە داخستووە، ئیتر پێویستە تێبگەین كە ئەو دیدارانە ھیچ بۆنی ئاشتییان لێ نایەت و بەوحاڵەوە مەحاڵە بگەینە چارەسەر."
عورەیقات ئاماژەی بەوەدا كە مانگی تشرینی دووەم دەستی لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە سەرۆكی دەستەڵاتداری فەلەستین مەحمود عەباس كرد، چونكی ئەو كات ویستوویەتی كۆتایی بەو كارانە بهێنێ كە لێی بێ ئومێد بووە، بەڵام عەباس ئەوەی رەتكردۆتەوە و داوای كردووە بەردەوام بێ لە دیدارەكانی لەگەڵ ئیسرائیل.
لە روونكردنەوەكەی عورەیقاتدا ھاتووە، مەحمود عەباس نامەی بۆ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما نووسیوە و پێی گوتوە: "ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی یەھودی قەبووڵناكەم، داوا دەكەم كێشەی پەنابەرە فەڵەستینییەكان چارەسەر بكرێ، ھەروەھا بەھیچ شێوەیەك فەڵەستینێكم قەبووڵ نییە كە پایتەختەكەی قودس نەبێ. قەبووڵیش ناكەم بڕیارەكان لەدەست ئیسرائیل بێ".
دوای ئەوەی ماوەیەك بوو دانووستانەكانی فەڵەستین و ئیسرائیل وەستابوون، تەمموزی رابرردوو ئەمریكا بە كارەكە ھەستا و دانووستان و دیدارەكان دەستیانپێكردەوە، ئێستاش لەبەر ئەو ھۆكارانە عورەیقات ھەموو دیدارەكانی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت.