İlkay Güder,Ramal Abdullah Mahmood
10 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ئێمە کە جەنگی رزگاریمان دەست پێکرد تەنانەت نەمانتوانی لەسەر میساقی میللیش بێینە دەنگ کە رامانگەیاندبوو. ئەوەتا ئێستا لە پێشهاتەکانی سووریا و عێراق ئەگەر سەرنج بدەن ماوە ماوە باس لەوە دەکەم کە ناچارین لەسەر میساقی میللیمان بێینە دەنگ. ئەگەر سنوورەکانی میساقی میللیمان ببەزێندرێن و لەو سنوورانەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەمان پێویست ناکا بڵێین 'فەرموون بەردەوام بن'".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٧٩ەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، موستەفا کەمال ئەتاتورک بەشداری لە "رێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەتاتورک" کرد کە لە هۆڵی کۆڕوکۆبوونەوەکانی بێشتەپە بەڕێوەچوو.
لەبارەی رۆڵی مێژوویی ئەتاتورکەوە، ئەردۆغان گوتی: "رۆژی 10ی تشرینی دووەم رۆژێکی گرنگە لە مێژووی کۆماری ئێمە و دەبێ لەوە تێبگەین. نابێ تەنیا بێرهێنانەوە بۆ ئەتاتورک هەبێ بەڵکو دەبێ لە ئەتاتورک تێبگەین. لە سەدەی رابردوو و لەو کاتە ناخۆشانەدا هەر وڵاتێک بۆخۆی رێبەرێکی دیاری کردووە و هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی ناوە. هەندێک لەم رێبەرانە توانیویانە بگەنە لووتکەی سەرکەوتن. گومان لەوەدا نییە کە ئەتاتورک یەکێک لەوانە بووە. ئەوە گرفتە کە بیرۆکەیەک بیهەوێ بە مەبەستی ئایدیۆلۆجیای خۆی وەک ئامرازێک کەڵک لە سیمبولی سەرکەوتنی نەتەوەیەک وەک مستەفا کەمال وەربگرێ. لەمێژە لە وڵاتەکەمان هەر مشتومڕ لەسەر ئەتاتورک و ئەتاتورکچێتی (کەمالیزم) دەکرێ. بە تایبەتی لەسەردەمی حوکمڕانی یەک پارتی جەهەپەدا ناوی ئەو سەرکردە دامەزرێنەرە گرنگەمان وا بەکاردەهێنرا کە ئەتاتورکی ناو دڵی گەلەکەمان لەگەڵ ئەو ئەتاتورکچێتیەی دواتر کرایە چەمک جیاوازی زۆریان هەبوو. رێزی گەلەکەمان بۆ غازی (قارەمان) بێپایانە. بچووکترین دوودڵی لە ستایشی گەلەکەمان نییە بۆ موستەفا. گەلەکەمان بچووکترین کێشەیان لەگەڵ کەمال نییە. زۆر باشیش دەزانین کەگەلی ئێمە بەهیچ جۆریک کێشەی لەگەڵ پاشناوی ئەتاتورک نییە کە بۆ خۆی ئەو پاشناوەی هەڵبژاردووە. وەڵامی ئەوە بۆ ئەو کودەتاچی، داپڵۆسێنەرانەیە کە لە ژێر ناوی 'ئەتاتورکچێتیی'ەوە خۆیان دەشارنەوە و دژایەتی مێژووی وڵات و بەهاکانی گەلەکەمان دەکەن".
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە جەهەپە کە تاکو ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەکات میراتگری ئەتاتورکن. لە راستیدا ئەتاتورک لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو پارتە پچراندبوو.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیایشەوە بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە، ئەردۆغان گوتی: "ئەم وڵاتە بە رووبەری ٧٨٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەییەوە یەک نیشتمانە. کەس با نەیەوێ بەر بە ئۆپەراسیۆنەکان بگرێ ئەگینا بە توندی باجەکەی دەدا. ئەوە لە چیای تەندورەک، گابار، ئەگەر پێویست بکات لە قەندیل و سنگالیش سەربازانمان و سەرۆک ئەرکانمان و فەرماندەیی هێزەکانمان و هەموویان تا دەگەنە بەرزترین ئاست لەوێ ئۆپەراسیۆنەکان ئاراستە دەکەن. چونکە گوتمان دەچینە بنج و بناوانیان و تا کۆتاییان پێ دێنین، بەرەنگاریان دەبینەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە ناوچەکەدا ئاگر و ئازار دابەش دەکرێ. لە وڵاتەکەشیاندا هەیە کە دەیانەوێ ئەو چارەنووسە بۆ ئەوان دیاری بکات.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لەو ماوەیەی دواییدا بارگرانی زۆر خرابووە سەر وڵاتەکەی و گوتی: "لەو ماوەیەی دواییدا بەجۆرێک بارگرانیان خستە سەر وڵاتەکەمان زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی بەردەستیان بەکارهێنان. فاشیشت لە ژێر رووکاری دیموکراسیدا، دامودەزگا بە حەق و یاسا دەمامککراوەکان ئاشکرابوون. ئەو ناپاکانەی چەندین ساڵە بە تایبەت لە دامودەزگاکانی وڵات و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵ جێگیر دەکران ئاشکرا بوون. ئامانج و کاراکتەرەکانی ئەو گەمارۆ تیرۆریستیەی ویستیان درێژایی سنوورەکانمان پێک بهێنێ ئاشکرا بوو. سوپاس بۆ خوا لەبەردەم تورکیا کە ئەو هەموو یارییانەی تێکدانەوە دەرفەت و ئاسۆی تەواو جیاواز هەن. ئێستا ئەزموونێکی دیکە لە پێشمانە کە پێویستە تێیپەڕێنین ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ەیە بێ گێرە و کێشە".
لەبارەی میساقی میللیشەوە ئەردۆغان گوتی: "ئێمە کە جەنگی رزگاریمان دەست پێکرد تەنانەت نەمانتوانی لەسەر میساقی میللیش بێینە دەنگ کە رامانگەیاندبوو. ئەوەتا ئێستا لە پێشهاتەکانی سووریا و عێراق ئەگەر سەرنج بدەن ماوە ماوە باس لەوە دەکەم کە ناچارین لەسەر میساقی میللیمان بێینە دەنگ. ئەگەر سنوورەکانی میساقی میللیمان ببەزێندرێن و لەو سنوورانەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتەکەمان پێویست ناکا بڵێین 'فەرموون بەردەوام بن. بە قسەنەکردن لەسەر رەهەندی ئابووری و سیاسیی دەڵێم گرنگترین هۆکاری کێشە ئەمنییەکانی ئەمڕۆی وڵاتەکەمان لە سنووری باشوورمانەوە سازشکردنە لەسەر میساقی میللی. ئەو سازشە نەکرابووایە بەبیرتان بێتەوە و تێبگەن ئێستا لە کوێ دەبووین. ئەوانەی دوێنێ وایانکرد ئێمە لە پاش میساقی میللی بەجێ بمێنین ئەمڕۆ وازیان لە لۆزان هێناوە و بەرەو سیڤەرەوە دەڕۆن. بەڵام شتێک هەیە کە نەیانبینووە تورکیای ئەمرۆ تورکیای دوێنێ نییە".