سەزگین تانڕیکولو جێگری سکرتێری گشتیی جەھەپە گوتی بکوژانی رۆبۆزکێ لە ئەنقەرەدان و سەرۆکایەتیی وەزیران داڵدەی داون.
تانڕیکولو لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئاک پارتی لەماوەی ١١ ساڵی دەسەڵاتدارییدا پێشێڵکارییەکی زۆری کردووە. ھەروەھا بە دروشمی باقوبریق و گفتی ھەمەچەشنەی وەک دیموکراسیی گەل، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی تا ساڵی ٢٠١٣ درێژەی بە دەسەڵاتەکەیدا."
تانڕیکولو ھەروەھا گوتی: "ئاک پارتی ھەر کاتێ رووبەڕووی قەیرانێک دەبێتەوە، دوژمنی وەھمی دروست دەکات و ھەوڵ دەدات لەو رێیەوە خۆی لە قەیرانەکە دەرباز بکات،ئەوەتا ئێستالەخۆیەوە دوژمن دروست دەکا و ھەوڵ دەدا خۆی وەکو ستەملێکراوێک نیشان بدات."
تانڕیکولو پێیوایە خەڵک داوای دوژمنی وەھمی ناکات، بەڵکو چاوەڕێی کردارە. ئاک پارتی رایگەیاند کە باری نائاسایی لە ناوچە کوردیەکان ھەڵگرتووە، کەچی ئێستایش باری نائاسایی لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات و بە ھەمان شێوە کارەکەی لەھەموو تورکیا پەرە پێداوە. دەسەڵاتی ئاک پارتی سانسۆرێکی زۆری لەسەر میدیا داناوە. تورکیا لە رووی ئازادیی رۆژنامەوانییەوە ھاتۆتە ریزی وڵاتە دواکەوتووەکان. ھێشتا بکوژانی کۆکوژییەکەی رۆبۆزکێ لە ئەنقەرەن و لەلایەن سەرۆکایەتی وەزیرانەوە داڵدە دراون. کوشتنی بێ لێپرسینەوە، ئەشکەنجەدان، کردەوەی نایاسایی سزایان لەسەر نییە، دەسەڵاتی بەرفراوان دەدەنە ھێزەکانیان، تورکیا بۆتە وڵاتێکی پۆلیسی. تورکیا ئەو قۆناغەی ئێستای قەبووڵ نییە چونکە وڵات نغرۆی گەندەڵی بووە، ئیتر ئاک پارتی توانای بەڕێوەبردنی تورکیای نەماوە.