سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە ئاراستەکرد. لەو پەیامەیدا کە مۆرکێکی سیاسیی روونی پێوە دیارە، چەندین ئاماژەی گرنگ لەبارەی رەوشی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
رووبەرێکی زۆری پەیامەکەی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم تەرخانکردووە. کە تێیدا بێجگە لە پێکھێنانی حکومەت و پێویستیی نزیکبوونەوەی لایەنەکان لە یەکتر، باسی ئەو کۆسپانەش دەکا کە بوونەتە ھۆکار لەبەردەم گەشەسەندنی زیاتری ھەرێمی کوردستان.
بارزانی وێڕای پیرۆزبایی ھاتنی ساڵی نوێ،خوازیارە ساڵی نوێ ساڵی پتەوتربوونی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوە ژیان بێ لەوڵاتدا. هەروەها ساڵی گەشەی ئابووریی و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵک و سەقامگیریی لەھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی فەرامۆش نەکردووە و داوا دەکا لایەنە سیاسییەکان لە پێکھێنانی کابینەی نوێ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخەنە سەروو بەرنامەکانییانەوە.
ئەو قسانەی بارزانی وا لێکدەدرێتەوە کە پێویستە لایەنەکان لەبەرامبەر پێکھێنانی کابینەی نوێ ئامادەی نیشاندانی نەرمی بن. بۆ ئەوەی ھەموو لایەنە براوەکان لەحکومەتدا بەشداربن.
بارزانی لەمبارەیەوە گردبوونەوە و ئامادەیی لایەنەکان لەنێو یەک حکومەتی یەکگرتوو بە دەرفەت دەزانێ بۆ رووبەرووبونەوەی کۆسپەکان و دەڵێ" ئەمە دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئەوەی ھەموو لایەک ھەوڵ بدەن بەپێی بەرنامەیەکی رێکو پێک و روون رووبەرووی گەندەڵی و ھەموو ئەو کەموکوڕییانە ببنەوە کە بوونەتە کوسپ لەبەردەم پێشکەوتنی وڵاتەکەماندا."
بارزانی داوای باڵادەستیی یاسا و بە دامەزراوەییکردنی دام و دەزگاکان دەکا کە دەبێ ھەنگاوییان بۆ بنرێ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێ: "پێویستە لە ساڵی داھاتوو کار لەسەر بابەتێکی زۆر گرنگ بکرێ ئەویش نزیکبوونەوەی تەواوی گەل و دەسەڵات و تۆختربوونی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانە کە بەھێزترین چەکن بۆ بنیاتنانی دوارۆژێکی گەش بۆ وڵاتەکەمان و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانمان."
بارزانی لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رەوەندی کوردی لەدەرەوەی وڵات دەکا، خوازیارە ساڵی نوێ کە ھاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج سەد ساڵ بەسەر جەنگی چاڵدێران و دابەشوونی کوردستان، دەستپێکی گەڕانەوەی شکۆ و ماف و خاک بێ بۆ گەلی کورد و دۆزی رەوای گەل و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ. هەروەها کۆتایی بەنەھامەتیی کوردانی رۆژئاوا بێ و گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بەمافەکانی شادبێ.