Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
15 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2017
واشنتۆن - AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئێچ ئار ماکماستەر رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢١ی ئەم مانگە کۆدەبنەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماکماسەر باسی لە ٧٢مین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رۆژەڤی ترەمپ کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ لە ٢١ی ئەیلولدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و هاوکات هیچ زانیارییەکی لەبارەی مژاری کۆبوونەوەکە نەدا.
ماکماستەر رایگەیاند کە ترەمپ لە هەمان رۆژدا لەگەڵ سەرۆکانی ئەفغانستان و ئۆکرانيا کۆدەبێتەوە و گوتی :" ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی هەریەک لە وڵاتانی قەتەر، فەلەستین، ئەردەن، میسر، بەریتانیا، کۆریای باشور، یابان و ئەفریقاش کۆدەبێتەوە ".
جیا لەمەش ماکماستەر ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی بەریتانیای کرد و گوتی: " ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە بابەتی تیرۆردا هاوپەیمانن و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرگرتن لەو جۆرە پەلامارانەی کە هاووڵاتیان دەکەنە ئامانج".
ناوبراو باسی لە کۆریای باکوور کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێکە لە کێشە گەورەکان بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵگای مەدەنی و گوتیشی:" بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەبێت تەواوی گەلەکان لە جیهان بەیەکەوە کاربکەین. دەڵین بژاردەی سەربازی نیيە. لە راستیدا هەیە، بەڵام ئێمە بە باشی نازانین تا ئەوکاتەی بژاردەی دیکە هەبێت".
ھاوکات نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیکی ھالەی لەبارەی پرسەکانی رۆژەڤ وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ھالەی ئاماژەی بەوە دا کە بە رێژەی سەدا ٩٠ بازرگانی لەگەڵ کۆریای باکوور پچڕاوە و بە رێژەی سەدا ٣٠یش ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە کەمی کردووە و راشیگەیاند فشارەکانی ئەمریکا درێژەی دەبێت.
نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسی کۆریای باکوور سەرەکی و پێشەنگ دەبێت. ھاوکات باسی ئێران و سووریاش دەکرێت. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرسەکانی مرۆیی تەرەوەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبێت".
ھالەی ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی ھاوکاری مرۆییەوە گشت تواناکانیان دەخەنەگەڕ و راشیگەیاند ھەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوان لە وڵاتانی وەک سووریا، میانمار و سودانی باشوور بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە پێناو شکستھێنان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان مەودوایەکی باشیان بڕیوە و زیاتر گوتیشی: "لە ھەمان کاتدا دەڕوانینە قۆناغی دوای داعشیش. دەتوانم بڵێم کە ئێران لەم قۆناغەدا لەسەرەوەی کارەکە نابێت. بە ھیچ شێوەیەک ئێران رۆڵی سەرکردایەتی لەم دۆخە ناگێڕێت".
ھالەی جەختی لەوەش کردەوە کە جارێکی دیکە نایانەوێت بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا ببینن و راشیگەیاند تاکو سووریایەکی سەقامگیر نەبینن، ئاسوودە نابن.