Ramal Mahmood
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2016
پەرلەمانی تورکیا - AA
وەزیری بەرگری تورکیا، فیکری ئشک رایگەیاند "پلان دانراوە بۆ ئەوەی دیوار بەدرێژایی ٨٢٥ کیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا دابنرێت. تاکو ئێستا ٢٩٦ کیلۆمەتری دیوارە سنوورییەکە تەواو بووە. تاکو نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوو تورکیا ئاسایشی سنووری لەگەڵ سووریا بەتەواوی دەستەبەر دەکات".
ئشک لە پەرلەمانی تورکیا گوتەیەکی لەبارەی بوودجەی پێشنیارکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2017 پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی میوانداری لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکات کە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزاریان پەنابەری سوورین و ٣٠٠ هەزاریان پەنابەری عێراقین.
ئشک سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە تورکیا هاوکات لە چەندین بەرە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەرەنگاری تیرۆریستان دەبێتەوە و گوتی:
"لەو میانەیەدا و لە سایەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات سوپای سووریای ئازاد ناوچەکانی جەرابلوس، راعی و دابقی لە داعش پاککردەوە. تاکو ئێستا لەو ناوچانە ٢٠٠ گەڕەکیان رزگار کردووە کە رووبەرەکەی نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەترە. لە ئێستادا ئاستەنگی زۆر دروست دەکرێت لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ئەلباب لەدەست داعش. بەڵام سوپای سووریای ئازاد گیان لەسەر دەستانە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەلباب لەدەست داعش. بەیانی ئەمڕۆ دوو یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریای ئازاد".