وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری ئاکپارتی لە وان، لەبارەی پرۆسەی چارەسەر و پرسی دیموکراسی گوتی "پرۆسەکە توانیویەتی بنیاتنانەیەوەکی گەورە بەدەست بێنێ، رووداو و پەیامەکەی دیاربەکر یەکێک لە نیشانەکانی ئەو بوژانەوەیە، ھیچ کەسێک لە تورکیا مامەڵەی پلەی دووی لەگەڵ ناکرێ."
داودئۆغڵو لەبارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی چارەسەر، ئاماژەی بەوەدا پرۆسەکە بەخێرایی بەرەو پێشەوە ھەنگاو دەنێ و گوتی: پێویستە ھەموو لایەک بەقەد قەڵای وان بەبەھێزی بەرەنگاری ئەوانە ببنەوە کە رێگری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن.
وەک وەبیرھێنانەوەی بۆ ساڵی ٢٠٠١ی وڵاتەکەی ئۆغڵو گوتی: ئاکپارتی لە سەردەمێکدا کە تورکیا لەلایەن وڵاتانەوە بایەخ و رێزی نەمابوو، توانی رێزو خۆشەویستی لە ھەموو ناوچەیەکی جیھان بڵاو بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ دەستی پێکرد، ئەویش لە رێگەی کارە باش و مەزنەکانیەوە.
داود ئۆغڵو لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە رابردوودا هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت، بەڵام ئێستا تورکیا قەرز بە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەدا، گوتی: کێ چی دەکا با بیکا، رێگە بەھیچ لایەنێک نادەین ئەم وڵاتە بەرەو تاریکی ساڵی ٢٠٠١ بباتەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵدا ھەوڵمان داوە، کارمان کردووە بۆ ئەوەی تورکیا بگەیەنینە ئەم ئاستەی ئێستا، کاتێک فەرمانبەرێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەھات لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە پێشوازی لێ دەکرا، ئێمە بەھەموو شێوەیەک لەبەرامبەر پرسیارەکانی گەل کراوەین، ئەگەر ھەوڵی داگیرکردن و لەکەدارکردنی ١١ ساڵی خەباتمان بدرێ، ئەوا ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ قوڵایی گەل، ھیچ شوێنێکی تر نییە ئێمە بۆی بچین، بۆیە برایەتیمان بەھێز دەکەین، ھەموو شوێنێکی تورکیا بەپیت و بەھێز دەکەین.
پێویستە بناغەی ئاشتی و ئارامی دابڕێژین
داود ئۆغڵو بەم شێوەیە لە قسەکانی لەبارەی پرۆسەی چارەسەر بەردوام بوو:
" وەک ئەوەی پرۆسەکە خێرو خۆشی بۆ سەرجەم ناوچەکانی وڵات ھێنا، ئابوری وڵاتەکەشمانی بەرز کردەوە، ئەوەتا وان یەکێکە لەو ناوچانەی سودمەند بووە. ئیتر بەرگەی لەدەستدانی تاکێکی گەنجانی ئەم وڵاتە ناگرین، بۆیە توند باوەش بە پرۆسەی چارەسەردا دەکەین، بە برایەتی نەتەوەییەوە وەک چۆن جیاوازی لە نێوان زازا و کورد نییە، وەک چۆن لە شەڕی چەناک کالێ بەیەکەوە شۆڕشمان کرد، دروستکردنی نیشتمان ئاوھا دەبێ، کاتێک پابەندی ئەو ھەڵوێستە بووین، برایەتی و ئازادی و ئاشتی لەتورکیا بەھێز دەبن، بەداخەوە ئەمڕۆ سەیر دەکەین ھەندێ یاری لە تورکیا دەکرێ، لە دەرەوەی وڵات لە رێگەی گوتارەکانیانەوە ھێرش دەکەنە سەر سەرۆکوەزیران و ھاوڕێیانی ترمان، ئێمە ھەمو پێکەوە یەک دەنگ و یەک ریز دەوەستین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوانەی ھەوڵی تێکدانی برایەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەڵقان دەدەن، رۆژ رۆژی یەکگرتن و تەباییە."