Sangar Hamad Azeez
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لە ئاگربەستی سووریا کرد و گوتی:" ئێمە لەگەڵ ئەوەین خوێن ڕشتن بوەستێت و بە رێگەی سیاسی چارەسەرێک بۆ بابەتەکە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئێران و تورکیا لە بابەتی ئاگربەست رۆڵی گرنگ و کاریگەی ببینین ولایەنە جیاجیاکان هێوربکەنەوە".
داودئۆغڵو گوتی دوای کۆبوونەوەی کۆڕبەندی کاری ئێران - تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوەو تێدا هەڵسەنگانی سەردانەکەی ئێران کردو گوتی:"باسمان لە پلانی کۆبوونەوەکانی داهاتوو کردووة و باس لەوە کرا کە سەرکۆماری ئێران حەسەن رؤحانی سەردانی تورکیا بکات و هەروەها سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان بەشداری لە کۆبوونەوەی باڵای کاری هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و هەروەها وەزیرەکانیش سەردان ئەنجام بدەن".
داودئۆغڵو تیشکی خستە سەر ئەو قەیرانەی رووبەرووی ناوچەکە بۆتەوەو گوتی: "ئەگەر بێت و ئاگربەستیش لە سووریا رابگەیەنرێت بەڵام ھێشتان ئاڵۆزیەکان بەردەوامن دەبن. لە عێراق رووبەرووبوونەوەی داعش بەردەوامە ، باروودۆخێکی زۆر ھەستیار ھەیە، پێشھاتی نوێ ھەن لە وڵاتانی کەنداو، ھەوڵماندا ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو ئەو بابەتانە بکەین، وەک دوو وڵاتی دۆست دانیشتین و زۆر بابەتمان خستەبەرباس و گفتوگۆ".
داودئۆغڵوئاماژەبەوەی کردەوە کاتێک سووریا و ئێران لەژێر گەمارۆی ئابووری بوون تورکیا دەرگای بۆ هەردوو وڵات کردةوة و گوتی: "سەرەرای تەواوی بارودۆخەکان تورکیا هەموو کات هەوڵی داوە یارمەتی سووریا بدات و لە ئێستاش چ کارێک پێویست بکات بۆ چارسەری قەیرانی سووریا تورکیا ئامادەیە".
ھەروەھا گوتیشی:"لەم رۆژانەدا لە میدیا نێودەوڵەتییەکان پروپاگەندەی ئەوە دەکرێت کە گوایە سووریا بۆسەر چەند پارچەیەک دابەش دەکرێت، ئێمە دژی ئەو کارەین، دڵنیام کە بەهەمان شێوە ئێران و ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە ناوچەکەوە هەمان بیرورای ئێمەیان ھەیە، تاوەک کارێکی لەو شێوەیە روونەدات پێویستە هەموومان پاڵپشتی بڕیاری ئاگربەست بکەین لە سووریا، ئەمەش کارێکی گرنگە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین خوێن ڕشتن بوەستێت و بە رێگەی سیاسی چارەسەرێک بۆ بابەتەکە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئێران و تورکیا لە بابەتی ئاگربەست رۆڵی گرنگ و کاریگەی ببینین و لایەنەکان هێوربکەنەوە".