Bestami Bodruk,Damlanur Teyhun
05 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2023
دیاربەکر – AA
دایکانی دیاربەکر کە بە هۆی رفاندنی منداڵەکانیان بۆ چیا لە بەردەم بارەگای لقی دیاربەکری هەدەپە گرد دەبنەوە، وێڕای بارینی بەفر بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ شادبوونەوە بە رۆڵەکانیان.
هەزار و ٢٥٢ رۆژە گردبوونەوەی دایکان لە دیاربەکر بەردەوامە کە لە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە دەستیان پێ کردووە بۆ شادبوونەوە بە رۆڵەکانیان و هەدەپەیش بە بەرپرسیار دەزانن لە رفاندنی جگەرگۆشەکانیاندا.
خاتون یوجەیورت کە لە ئیستانبوڵەوە هاتووە و بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کردووە، ئاماژەی بەوە دا کە وێڕای بەفربارین و سەرماوسۆڵە بەشداری لەو گردبوونەوەیەدا کردووە بۆ ئەوەی بە سەرداری کوڕی شاد ببێتەوە.
یوجەیورت بە ئاماژەدان بەوەی کە منداڵەکەی هەڵخەڵەتێندراوە و رفێندراوە بۆ چیا، گوتی: "چاوەڕێم تا زووە کوڕەکەم بگەڕێتەوە".
یوجەیورت داوای لە کوڕەکەی کرد خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بکاتەوە.
هوسرەت ئاڵتونیش کە بۆ شادبوونەوە بە حیکمەتی کوڕی بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کردووە، گوتی: "حەوت ساڵ پێش ئێستا کوڕەکەم لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا هەڵخەڵەتێندرا و رفێندرا بۆ چیا. رۆڵەی خۆمم لە هەدەپە و رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە دەوێتەوە".