Bestami Bodruk
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
دیاربەکر - AA
قایمقامی شارۆچکەی چنار سەربە پارێزگای دیاربەکر، گیوهەر سینەم بویوکناڵچاجی خۆی فێری زمانی کوردی کردووە و لەو رێگەیەوە ئەو کەسانەی سەرەی وەرگرتنی ڤاکسینیان هاتووە و نەچوون بۆ بنکەکانی تەندروستی، رازی دەکات ڤاکسین وەرگرن.
گیوهەر سینەم بویوکناڵچاجی لەگەڵ تیمە تەندروستییەکاندا کار دەکات و سەردانی گوند و گەڕەکەکانی شارۆچکەکە دەکات و لەگەڵ موختارەکان و هاووڵاتییاندا کۆدەبێتەوە و هەوڵدەدات ئەو کەسانەی نایانەوێت ڤاکسین وەرگرن، رازی بکات بەشداری هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بکەن.
ئەو قایمقامە بە زمانەکانی تورکی و کوردی لەگەڵ هاووڵاتییان گفتوگۆ دەکات و لە دوایین سەردانیشدا، سەردانی ماڵی پیاوێکی تەمەن ٩٠ ساڵی بە ناوی ئەحمەد گیوندۆغدو کرد و رازی کرد کە ڤاکسین وەربگرێت.

- لە شارۆچکەکەدا چوار تیم بەبەردەوامی کار دەکەن بۆ باوەڕپێهێنانی هاووڵاتییان
قایمقامی شارۆچکەی چنار سەربە پارێزگای دیاربەکر، گیوهەر سینەم بویوکناڵچاجی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە نزیکەی لەسەدا ٧٠ی دانیشتوانی شارۆچکەکە کە تەمەنیان لەسەروو ٦٥ ساڵەوەیە، ڤاکسینیان وەرگرتووە و توانیویشیەتی نزیکەی لەسەدا ٥٠ی ئەو کەسانەی نەیانویستوە ڤاکسین وەربگرن، رازی بکات بەشداری هەڵمەتی وەرگرتنی ڤاکسین بکەن.

گیوهەر سینەم بویوکناڵچاجی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ماوەیەک ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە شارۆچکەی چنار، سفر بوو و لەئێستاشدا چوار تیم بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری لە هەر حەوت رۆژەکەی هەفتەدا کار دەکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان رازی بکەن بەشداری هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بکەن.

