Hemin Hüseyin
02 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2018
هەولێر - AA
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە داخرانی رێگای نێوان هەولێر– مەخمور، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمیی کرایەوە و قایمقامی قەزای مەخمور ئاماژە بەوە دەکات کە دوای گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەند گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کردنەوەی رێگاکە و راشیدەگەیەنێت کە لەم چوارچێوەیەدا دەستکاری هیچ پۆستێکی کارگێڕی نەکراوە و ئاشکرایشی دەکات کە هەر ئەمڕۆ فەرمانبەرانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگەڕێنەوە سەر دەوامیی ئاسایی خۆیان.
قایمقامی قەزای مەخمور، رزگار محەمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکی زۆرە لە هەموولایەک کار لەسەر ئەوە دەکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و کردنەوەی رێگای هەولێر و مەخمور و مانگێک پێش ئێستا لە لایەن هێزی پێشمەرگە بڕیاردرا بە کردنەوەی ئەو رێگایە و پاشتر فەرماندەی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدڕاڵی بابەتەکەی خۆی بەرزکردەوە و رەزامەندی لەسەر کردنەوەی رێگاکە درا، بەڵام گەڕانەوەی وەڵامەکە و رێککارەکان کاتی زۆرتری پێویست بوو، بۆیە ئەمڕۆ بە فەرمیی لە لایەن هەردوو لا کردنەوەی رێگاکە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە".
لەبارەی گۆڕانکاریی لە پۆستە کارگێڕییەکانی قەزای مەخموررزگار محەمەد گوتی: "ئیدارەی مەخمور لە دووبەش پێک دێت، بەشێک سەر بە پارێزگای نەینەوا و بەشێک سەر بە پارێزگای هەولێرە و، لە رۆژی دووی ئادار لەگەڵ پارێزگای نەینەوا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدڕاڵی کۆبوونەوەمان کرد و لەسەر ئەوە رێککەوتین کە ئەو بەشەی تایبەتە بە پارێزگای هەولێر ئەوا کارمەندەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانییان و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەن بەتایبەت هەردوو کەرتی پەروەردە و تەندروستی".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کارمەندانەی کە خەڵکی پارێزگای هەولێرن و لە قەزای مەخمور کارمەندن بوون لە پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر رزگار محەمەد گوتی: "ئەمڕۆ دوای کردنەوەی ئەم رێگایە سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەگەڵ من دەگەڕێینەوە بۆ ناو مەخمور و دەست بە دەوامیی ئاسایی دەکەین".
قایمقامی قەزای مەخمور ئاماژە بەوەش دەکات کە تیرۆریستانی داعش جارێکی دیکە لە دەورووبەری قەزای مەخمور سەریانهەڵداوەتەوە و نەپشکنین و کێوماڵیکردنی ناوچەکە بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانێت و گوتی: "دوای ئازادکردنی ئەو ناوچەیەش جموجۆڵەکانی داعش کۆتایی نەهاتبوو، بەتایبەت لە ناوچەی قەراج کە دوای ئازادبوونیشی لەبەر هەندێک هۆکار بە شێوەیەکی باش پشکنینییان بۆ ناوچەکە نەکرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە ئێستادا هەندێک جار مەفرەزەکانییان بە رۆژ دەگەڕێن و ئێمەش لایەنی پەیوەندیدارمان لەباریەوە لێ ئاگادار کردووەتەوە".
دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، رێگا سەرەکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کەرکووک و مووسڵ داخران، دوای چەندین کۆبوونەوە لە نێوان شاندی ھەردوولا رۆژی دووی ئادار حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکلایەنە بڕیاری کردنەوەی رێگای نێوان هەولێر – کەرکووکی دا و، ئەمڕۆش بە فەرمیی رێگای نێوان هەولێر- مەخموور لەلایەن هەردوولادا کرایەوە.