Osman Bilgin
14 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2024
دیاربەکر - AA
دیاربەکر یەکێکە لەو پارێزگایانەی تورکیا کە بە بوونی کولتوورێکی دەوڵەمەند لە ڕێزی پێشەوەی ئەو پارێزگایانە دێت کە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن.
گەشتیارێکی زۆر لە سەرانسەری تورکیاوە بە مەبەستی بینینی ئەو کولتوورە دەوڵەمەندە و بەهاکانی ئایینی، ڕوویان لە دیاربەکر کردووە.
شوێنە مێژووییەکانی وەک، مۆزەخانەی ئیچکالا، مزگەوتی گەورەی مێژوویی، پردی ئۆن گوزلو، کلێسا نۆژەنکراوەکان کە هەموویان لە لیستی کەلەپووری یۆنسکۆدان، سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
بەشێکی زۆر لە سەردانیکارانی دیاربەکر بە هۆی پڕبوونی هۆتێل و میوانخانەکان ناچاربوون پەنابەرنە بەر ناوچەکانی دەوروبەری دیاربەکر و لەوێ بمێننەوە.
بازاڕی جگەری دیاربەکر و شیرینی قەدایفی دیاربەکریش گەرم بوو کە بە دوو خواردنی ناوازی شارەکە دەناسرێت و خەڵکێکی زۆر لە نۆرەی خواردندا وەستابوون.
هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران، هەم بووە جێی سەرسووڕامانی بەرپرسانی گەشتیاری و هەم دڵخۆشی خەڵکی بازاڕی لێکەوتەوە.
سەرۆکی سەندیکای گەشتیاریی و خاوەن هۆتێلەکان دەنیز گولەر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند کە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران بۆ دیاربەکر هەموو لایەکی دڵخۆش کردووە.
گوتیشی، "لە جەژنەکانی پێشوودا هۆتێلەکان قەرەباڵغییان پێوە دیار بوو، ئەمجارە بە تەواوی هەموویان پڕ بوون".
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی دەستەی نوێنەرایەتیی ناوچەی میزیۆپۆتامیا لە یەکێتی زانیارینامە گەشتیارییەکانی تورکیا (TÜRSAB)، سەردار باتورای ڕایگەیاند، هاتنی ئەو ژمارەی زۆرەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە لە سەرووی چاوەڕوانییەکانەوە بووە.
باتورای گوتیشی، ژمارەی گەشتیاران ٥٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ئەوەش لە مێژووی شارەکەدا بێ وێنە بووە.