Abdullah Shukur
24 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2016
سێرت
وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیلو لەبارەی کوژرانی باڵیۆزی رووسیا لە شاری ئەنقەرە ئەندرێ کارلۆڤ رایگەیاند کە زانیاری گرنگ و ورد لەمبارەیەوە بەدەستکەوتووە.
سۆیلو بە رۆژنامەوانانی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە دۆزی کوژرانی باڵیۆزی رووسیا ئەندرێ کارلۆڤ بەردەوامە. گوتیشی: "دەمەوێ بڵێم کە زانیاری ورد و گرنگمان بەدەستکەوتووە. لێکۆڵینەوەکە لە زۆر لایەنەوە بەردەوامە".
سۆیلو ئاشکراشی کرد کە ئەو شاندەی لە رووسیاوە ھاتووە،ھاوشانی ھێزەکانی ئەمنی تورکیا و داواکارانی گشتی، زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەکە بەڕێوەدەبەن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە پاراستنی ئەو زانیاریانەی ئێستا پێیگەیشتوون، بەھۆی نھێنی لێکۆڵینەوەکە زۆر گرنگە.
سۆیلو زیاتر گوتیشی: "ھەوڵدەدرێت پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوەوەی وڵات لەسەر ئەم دۆزە ئاشکرا بکرێ. بەڵام خاڵێک ھەیە کە زۆر ئاشکرایە ئەویش ئەوەیە کە ئەم بکوژە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆیە. ئەوەش ئاشکرایە کە ئەم تیرۆریستە لە چوارچێوەی پیلانێک لەو شوێنە بووە".