Ahmet Sertan Usul
02 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند "لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا بۆسەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و پەکەکە/یەپەگە لە ناوچەکانی ئەلباب و جەرابلوس باکووری سووریا، ١٥ تیرۆریست دەستگیرکران".
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هێزەکانی سەربە هێزی ئەرکی سووریا ئەلباب و فەرماندەیی راوێژکاری جەندرمەی جەرابلوس بە هەماهەنگی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای عەنتاب، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە ئەنجامداوە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ٢٩ی ئەیلوولدا لە ئەلباب و جەرابلوس بەڕێوەچوون، ١٥ تیرۆریست دەستگیرکران کە ١١یان داعش بوون؛ دووانیان ئەمیری جەنگیی رێکخراوەکە، یەکێکیان بەرپرسی هەواڵگریی، یەکێکیان بەرپرسی زەکات، دووانیان بەرپرسی میدیای رێکخراوەکە و پێنجیان چەکداری رێکخراوەکە بوون و چوارەکەی دیکەیان ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە بوون.
لە دوای دەستگیرکردنیان تیرۆریستەکان لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکرا.
هاوکات لە هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی تیمەکاندا لە ناونیشانی گومانلێکراوەکاندا، دەست بەسەر ٥٧٠ فیشەک، چەکی راو، دووربین و ژمارەیەکی زۆر ئامێری دیجیتاڵیدا گیرا.