Fatma Sevinç Çetin
09 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2025
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت)، ئیبراهیم کاڵن، لە میانی دیدار و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانیدا کە دوێنێ لە بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجامیدان، تاوتوێی ئەو هەنگاوە هاوبەشانەی کرد کە دەنرێن لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی؛ تورکیای بێ تیرۆر، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان لە هەردوولا، داماڵینی ناوچەکە لە تیرۆر و دەرهێنانی تیرۆر لە ڕۆژەڤی ناوچەکەدا.
بەپێی ئەو زانیاریەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان، دوێنێ کاڵن سەردانی بەغدای کردووە.
کاڵن لە بەغدا سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و، پاشان لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتەکە، عەبدولڵەتیف جەمال ڕەشید کۆبووەتەوە. هاوکات جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووە.
لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، سەرۆکی میت کاڵن لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق، سابت بشار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، حامید شاتری و سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری عێراق، خەمیس خەنجەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحموود مەشهەدانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی ئەو هەنگاوە هاوبەشانەی کران کە دەنرێن لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی؛ تورکیای بێ تیرۆر، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان لە هەردوولا، داماڵینی ناوچەکە لە تیرۆر و دەرهێنانی تیرۆر لە ڕۆژەڤی ناوچەکەدا. لای خۆیەوە حکوومەتی عێراق جەختی لەسەر پشتیوانی تەواوی تورکیا لە هەموو ئاستێکدا کردەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا هەڵسەنگاندن بۆ دەرفەتەکانی هاریکاریی کرا بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیری هەرێمیی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا سەرۆکی میت کاڵن تاوتوێی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلی کرد و، لایەنەکان دوایین دۆخی پەیوەست بە پرۆسەی ئاگربەستیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکی میت کاڵن، لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێڕاقی محەمەد سەمعان ئاغائۆغڵو و بەرپرسانی بەرەی تورکمانی عێراق کۆبووەوە و، زانیاری سەبارەت دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەی تورکمانەکانی تێدا دەژین و ئامادەکارییەکانی لە بارەی هەڵبژاردن وەرگرت.