وان
هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند "داوا دەكەین كە پەكەكە دەستبەجێ پەنجە لە پەلەپیتكەی تفەنگەكان بكێشێتەوە، پێویستە ئەوە رابگەیەنێت كە پانەبدە بە ئاگربەستەوە. حكوومەتیش دەستبەجێ واز لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بژاردەی ئەمنی بهێنێت، دەبێت ئەوە رابگەیەنێت كە ئامادەیە بۆ دانوستاندن''.
بەمەبەسی بەشداریكردن لە ''كۆبوونەوەی جەماوەری ئاشتی'' كە لەلایەن پارتەكەیەوە سازكراوە، دەمیرتاش سەردانی شاری وانی كرد و لەو هۆتێلەی كە تێیدا مایەوە لە ناوەندی شار، لەسەر خوانی نانی بەیانی لەگەڵ رۆژنامەوانان كۆبوویەوە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەكرد بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو رووداوە نەرێنییانەی كە لە ماوەی رابردوودا لە سەرانسەری وڵاتدا هاتنە ئاراوە، ئەوان هەوڵی زۆریان داوە و هیوای خواست ئەو هەوڵانە ببنە هۆی چارەسەری ئاشتییانە كە خواستی هەموو كۆمەڵگە و جێگەی چاوەڕوانی هەموو وڵاتە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەكرد ئەمە یەكەمجار نییە بەو جۆرە قۆناغانەدا تێدەپەڕن و شاری وان یەكێكە لەو شارانەی ئازار و ناڕەحەتی و باجی پێكدادانەكانی بە قورسترین شێوە داوە و باسی لەوەكرد لەكاتێكدا وان لە سایەی ئەو ژینگە ئەرێنییەی رەخسابوو خەریك بوو دەستی بەگەشەسەندن دەكردەوە و لەرێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە ئەو بەرەوپێشچوونانە دەكرایە تاجێك بۆ سەری شارەكە، كەوتوونەتەوە نێو قۆناغی پێكدادان.
دەمیرتاش باسی لەوەكرد پرسیاری ئەوەی ''چی بوو بۆ ئەوەی پێكدادانەكان جارێكی دیكە دەست پێبكاتەوە، چی گۆرڕا'' لە ئێستادا لە هەموو شوێنێكی توركیا دەپرسرێت و گوتی: ''تەنها وەڵامێك هەیە بۆ ئەمە، ئەویش ئەوەیە كە هەدەپە لە سەدا ١٣ی دەنگەكانی بەدەست هێنا. شتێكی دیكە بوونی نییە و لە توركیا هیچ گۆڕانكارییەك رووی نەداوە. ئەوە نەبێت كە ئاك پارتی لە دەسەڵات هاتووەتە خوارەوە. ئەمە هۆكاری ئەو دیمەنەیە كە ئەمڕۆ لە ئارادایە. نوێنەرانی حكوومەت لە دوای هەڵبژاردنەوە گوتیان ''لەدوای ئەمەوە فیلمی پرۆسەكە دەگرن''. ئێمە هەر كە هەڵبژاردن تەواو بوو، بەرگریمان لەوە كرد كە پرۆسەی چارەسەری بێ ئەوەی هەنگاو بەرەو دواوە بنێت، دەبێت كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت. لەبەر ئەوەی پرۆسەی چارەسەری پرۆسەیەك نییە تەنها لە دەستی یەك پارتدا بێت و هی یەك پارت بێت. پرۆسەی ئاشتی هی خەڵكە. ئێمە ئیتر دەمانەوێت گەلەكەمان ئەمە بزانێت و باوەڕی پێ بهێنێت''.
دەمیرتاش باسی لەوەشكرد كە تێگەیشتنی ئەوەی ''ئەگەر ئاك پارتی هەبێت ئەوا ئاشتی هەیە و ئەگەر نەبوو ئەوا نییە'' تێگەیشتنێك نییە كە گەل قبووڵی بكات و رێگە هەیە بۆ دەرچوون لەو سووڕە بێ بەرهەمە، كاردانەوەی گەل لەمبارەیەوە زۆر گرنگە و لەهەموو بارودۆخێكداپێویستە دەنگ بەرزبكەنەوە و بڵێن ''ئێمە رێگە بەتۆ نادەین جەنگ بكەیت''.
- ''داواكاریمان لە هەردوو لا هەیە''
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەكرد هەركەسێك هەڵە بكات، بە گوێنەدانەوە دژی خواستی ئاشتی بوەستێتەوە ئەوا ئەوان كاردانەوەی بەرامبەر نیشاندەدەن و گوتی : "داوا لە هەردوولا دەكەین. پەكەكە دەستبەجێ پەنجە لە پەلەپیتكەی تفەنگەكان بكێشێتەوە، پێویستە ئەوە رابگەیەنێت كە پانەبدە بە ئاگربەست. حكوومەتیش دەستبەجێ واز لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و بژاردەی ئەمنی بهێنێت، دەبێت ئەوە رابگەیەنێت كە ئامادەیە بۆ دانوستاندن. راگەیەنراوی دۆڵماباهچە بەڵگەیەكی گرنگە كە رێگە لەبەردەم كۆمەڵگەی توركیادا دەكاتەوە. ئێمە پشتیوانی لەوە دەكەین لەو خاڵەوە كە جێهێڵدراوە دانوستانەكان دەست پێبكرێنەوە و بەرەوپێشەوە ببرێن''.
دەمیرتاش نەیشاردەوە كە پێویستە ئاشتی وەك ئەركێكی بە پەلە ببینرێت و ئەمەیان لە سەرۆكوەزیرارن ئەحمەد داودئۆغڵو داوانەكردووە و حكوومەت ناچارە ئەمە جێبەجێ بكات. بە ئاماژەدان بەوەی بە فەرمانێكی داودئۆغڵو ٧٠ فڕۆكەی جەنگی بەرزبوونەتەوە، پرسی: بۆچی رێگەی نەدا كەشتییەكەی ئیمراڵی بجووڵێت؟'.
دەمیرتاش گوتی: "شتێك نییە شەرەفمەندانەتر لەوەی هەمووان بەدەوری مێزێكدا كۆببنەوە و گفتوگۆ بكەن، لە كاتێكدا رێگەی چارەسەركردنی كێشەكە لە كۆبوونەوە لەچواردەوری مێزێكدا بوونی هەیە، پێویستە ئەوە بپرسین كە بۆچی ئەو هەموو مەرگە رووی لە وڵات كردووە و گوتی: ''لە كاتێكدا وەك كۆمەڵگەكانی مەدەنی بواری دانیشتن و چارەسەر لە ئارادایە، بۆچی شاخەكان بۆردومان دەكرێن، رێگەكان دەگیرێن، ئۆتۆمبیلەكان دەسووتێنرێن، بنكەكانی پۆلیس دەتەقێنرێنەوە. ئەمە چییە، ئێمە ناچارین ئەمە قبووڵ بكەین؟ ئەم وڵاتە نیشتمانی هاوبەشی هەموومانە. ئەگەر بێت و نیشتمان لەژێر هەڕەشەدا بێت، با هەموومان بڕۆینە بەرەكانی جەنگ، بەڵام لە ئێستادا شتێك بە ناوی بەرگری كردن لە نیشتمان نییە. تەنها ئەوەیە كە كۆبوونەوەكان ئەنجام دەدرێن، رێككەوتن لەبارەی چارەسەرەوە دێتە ئاراوە، پرۆسەی داماڵینی چەك دەستپێدەكات''.