ئیدلب
بههۆی بۆردومانکردنی ناوچهیهكی سڤیل نشین لە شارۆچكهی ئهریحای سەربە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا به بۆمبی بهرمیلی لهلایهن هێلیكۆپتهرێكی سوپای سووریاوە، پینج هاووڵاتی مهدهنی كوژران و 12ی دیكهش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری ئانادۆڵو لە لێپرسراوێكی بەرگری شارستانی شارۆچكەی ئەریحا وەری گرتووە، شەوی رابردوو هێلیكۆپتەرێكی جەنگی سوپای سووریا ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی لە شارۆچكەی ئەریحا كە لە ژێر دەستی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە، بەبۆمی بەرمیلی بۆردومان كرد و بە هۆیەوە پێنج هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و 12ی دیكەش برینداربوون. هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە یەكەكانی نیشتەجیبوونیش رووخاون.
- بۆمبی بەرمیلی چییە؟
بۆمبی بەرمیلی بەرمیلێكە بە تەقەمەنی لە جۆری تی ئێن تی پڕ دەكرێت و، ئەو جۆرە بۆمبە لەلایەن سوپای رژێمی بەشار ئەسەدەوە لە شەڕی نێوخۆی سووریادا بەكاردەهێنرێت و لە هێلیكۆپتەرەكانەوە بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا هەڵدەدرێنە خوارەوە.
دروست كردنی ئەو بۆمبانە بە بەراورد بە مووشەك ئاسانترە و لە ساڵی 2012ەوە لە سووریاوە بەكاردەهێنرێت.
لەنێو بۆمبی بەرمیلیدا ماددەی نیتراتی ئامۆنیۆم، نەوتی خاو و پارچەی گوللە تۆپ بەكار دەهێنرێت.
سەرەتا حكوومەتەكەی ئەسەد ئەو بانگەشانەی بەدرۆخستەوە بەڵام پاشان سەلمێندرا کە ئەو بۆمبانە بەسەر یەكەكانی نیشتەجێبووندا بەردەدرێنە خوارەوە و كاریگەری بوومەلەرزەیان لەسەر دروست دەكات.