Zana Natık Kerem
27 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2018
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە حكوومەتەكەی پابەندە بە پاراستنی ئاسایش لە پارێزگای كەركووک.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی كرد، حەیدەر عەبادی گوتی: "كەركووک وەك شارێكی پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەمێنێتەوە و پاپەندین بە پاراستنی ئاسایشی شارەكە".
پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێكهاتەی توركمان، جاسم محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو كە فیرقەیەك لە هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە لایەن حكوومەتی فیدرالەوە رەوانەی پارێزگای كەركووک كراوە ئەوەش بە ئامانجی رێگریگرتن لە هەر كردەیەك كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی پارێزگاكە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوەشكرد كە ئۆپەراسیۆنەكانی پاكکردنەوەی ناوچەكانی عێراق لە تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و گوتی: " سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بە تەواویی لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكان دایە".
سەبارەت بە ئەركەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، حەیدەر عەبادی گوتی: "هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، ئەركەكانیان بە رەزامەندی حكوومەت جێبەجێ دەكەن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە هەماهەنگییەكی باش لەنێوان عێراق و پۆلیسی ئینتەرپول دا هەیە بە ئامانجی گەڕانەوەی پارە دزراوەكان و دەستگیركردنی تاوانبارەكان.