Sabri Yıldırım
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2023
مووش - AA
بەھری باغڵم، ھاووڵاتییەکی ٧٠ ساڵەیە و لە پارێزگای مووش ڕۆژھەڵاتی تورکیا دەژی، لە لقی دار گۆچان و کەوچک و کەلوپەلی ڕازاندنەوە دروست دەکات.
باغڵم کە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر لە قەزای ساسۆنی باتمانەوە کۆچی کردووە بۆ ناوچەی سونای سەربە ناوەندی مووش، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە وەرشەی مۆبیلیات کاری کردووە، لە ناوچەی نیشتەجێبوونی شوێنکارێکی کردووەتەوە.
بەھری باغڵم، ماوەی ١٥ ساڵە لەو لقە درەختە وشکبووانەی لە دارستانەکان کۆیان دەکاتەوە، گۆچان و کەوچک و شانە و کەلوپەلی رازاندنەوە دروست دەکات و دەیانفرۆشێت بۆ بژێوی ژیان.
باغڵم باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی زۆر لە وەرشەی مۆبیلیات کاری کردووە و لەوێ فێری ئەم پیشەیە بووە و ماوەی ١٥ ساڵە بەرھەمی جۆراوجۆری دروست کردووە و گوتی: ''گۆچان، کەوچک و شانەی تەختەی عوسمانی دروست دەکەم. لە وان و ئەھڵات و ھینس و بینگۆلەوە دێن گۆچان دەکڕن، گۆچانەکان ھاوڕێی کەسە بەتەمەنەکانمانن، لەبەرئەوە زۆر خواست لەسەر گۆچان ھەیە. بەو پارەیەی لێرە دەستم دەکەوێت بژێوی ژیانم دابین دەکەم. لە دوو ھاوسەرم ١٨ منداڵم ھەیە. ھەمووان کاری خۆیان دەکەن. من لێرە بە تەنیا کار دەکەم. تا ئێستا بە خۆشەویستییەوە ئەم کارەم کردووە. سەرەڕای ئەوەی تەمەنم ٧٠ ساڵە، سوپاس بۆ خوا تەندروستیم زۆر باشە''.