دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى:فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێrەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى رایگەیاند "هێزەکانى پێشمەرگە لە قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵدا، رووبەرى ٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەى کۆنترۆڵکردووەتەوە و لەم شەڕە داسەپاوەى تیرۆریستانى داعش، هێزەکانى پێشمەرگە توانیان لە تاکتیکەکانى تیرۆریستان تێبگەن و لە هەموو هێرشەکانى بۆسەر تیرۆریستانى داعش سەرکەوتوو بوون و تەواوى ئەو ئامانجانەیان بەدەست هێناوە کە پێشمەرگە لە پێناویدا خەباتى کردووە".
عەزیز وەیسى لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو، نهێنى سەرکەوتنەکانى هێزەکانى پێشمەرگەى بۆ شارەزایى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مسعود بارزانى گەڕاندەوە و گوتى: "رۆڵى سەرۆکى هەرێم یەکێکە لە هۆکارەکانى سەرکەوتنى ئۆپەراسیۆنەکانى هێزى پێشمەرگە دژبە تیرۆریستانى داعش، چونکە بە شارەزایى و لێزانیێکى زۆرەوە پلان بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکانى پێشمەرگە دادەڕێژێت و، هەروەها هێزەکانى خۆى باش دەناسێت و لە نزیکەوە لەگەڵ یەک بە یەکى فەرماندەکان دادەنیشێت و ئەرکەکانیان بەسەردا دابەش دەکات".
فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێrەڤانى گوتیشى: "بوێرى و ئیرادەى پۆلاینى هێزەکانى پێشمەرگە، هەروەها خێرایى هێرشبردن بۆسەر تیرۆریستانى داعش چەند خاڵێکى دیکەن کە هۆکارى سەرکەوتنى هێزەکانى پێشمەرگەن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، جگە لەوەش تەواوى فەرماندە و پێشمەرگەکان هیچ کات بیریان لە مردن نەکردووەتەوە، تەنها بیریان لەوە کردووەتەوە کە چۆن سەردەکەون، بەهۆیەوە تیرۆریستانى داعش لە هێزەکانى پێشمەرگە تۆقیون، پێشمەرگە لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکاندا سەرکەوتنى بەدەست هێناوە".
-"پلانەکانى پێشمەرگە لە چەشنێکن کە داعش بەهیچ شێوەیەک بیرى لە نەکردووەتەوە".
لیوا عەزیز وەیسى لەبارەى تاکتیکەکانى هێزى پێشمەرگە دژبە چەکدارانى داعش دەڵێت "هێزەکانى پێشمەرگە پلان و ستراتیجیەتى تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو پلانانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە دایدەڕێژێت و هێزەکانى پێشمەرگە جێبەجێى دەکەن بە هیچ شێوەیەک تیرۆریستانى داعش بیریان لێى نەکردووەتەوە و بە خەیاڵیشیاندا نەهاتووە".
سەبارەت بە تاکتیکەکانى چەکدارانى داعش فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێرەڤانى گوتی: "تاکتیکەکانى تیرۆریستانى داعش گۆڕانگارى بەسەردا نەهاتووە، چونکە هەر کاتێک هێزەکانى پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر تیرۆریستانى داعش ئەنجامدابێت، داعش بە یەک شێوەى نەگۆڕ تەنها لەڕێگەى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو و تیرۆریستى خۆکوژ و هەڵکەندنى تونێل و چاندنى بۆمب هەوڵى داوە بەرگرى لە بوونى خۆى بکات و دەسەڵاتى خۆى لە ناوچەکە بهێڵێت، هەروەها پشت بە سووتاندنى نەوتى رەش دەبەستێت بۆ ئەوەى تیرۆریستانی خۆی حەشار بدات لە ئامانج گرتنى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتی دژبە داعش، بەڵام خۆشبەختانە هێزەکانى پێشمەرگە بە تەواوى تاکتیکەکانى تیرۆریستانى داعشى زانیوە و بەردەوامن لە تێکشکاندن و راوەدوونانیان لە ناوچەکە".
ئەوەشى گوت: "سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەو باواڕەدایە کە دەبێت هێزەکانى پێشمەرگە تیرۆریستانى داعش لە ناو ببەن و ئەو هەڕەشە گەورەیەى تیرۆریستانى داعش نەک تەنها لەسەر هەرێمى کوردستان، بەڵکو لەسەر تەواوى جیهان و مرۆڤایەتى نەهێڵێن، چونکە داعش دووژمنى هاوبەشى هەموو جیهانە بەبێ جیاوازى".
-" پێشمەرگە کلیلى سەرکەوتنى ئۆپەراسیۆنى مووسڵى دایە دەست سوپاى عێراق"
عەزیز وەیسى ئاماژەى دا بە گرنگى رێککەوتنى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق و گوتى: "پەیوەندى زۆر باش و گرنگ و باوەڕییەکى پتەو لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ لە دەست چەکدارانى داعش، وەک دوو هێزى برا رووبەڕووى تیرۆریستانى داعش بووینەتەوە و هەردوو هێز بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشن ئەو ئامانجیش تێکشکاندن و لەناوبردنى تیرۆرستانى داعشە، هیچ یەکێک لە هێزەکان بیر لە بەرژەوەندى تایبەت و دیاریکراو ناکەنەوە تەنها ئەوەیان لەبەر چاو گرتووە کە خەڵکى ئاوارەبوو بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و ئارامى بۆ خەڵک بگەڕێتەوە و ژیان ئاسایی بێتەوە".
ناوبراو گوتىشی: "ئەگەر رێککەوتنى سیاسى نەبووایە زۆر بە ئاسانى هێزەکانى پێشمەرگە شارى مووسڵیان کۆنترۆڵ دەکردەوە، چونکە ئەگەر لەو نەخشەیە بڕوانین کە هێزەکانى پێشمەرگە لە دەست تیرۆریستانى داعشى کۆنترۆڵ کردووەتەوە، ئەوا دەردەکەوێت کە هێزەکانى پێشمەرگە قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵیان بە سەرکەوتوویى بە ئەنجام گەیاند و هێڵەکانى بەرگرى تیرۆریستانى داعشمان تێکشکاند و شوێنە ستراتیجەکانمان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کەواتە پێشمەرگە کلیلى سەرکەوتنى ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵی دایە دەست هێزەکانى سوپاى عێراق".
سەبارەت بە ئایندەى ئەو ناوچانەى کە لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنترۆڵکراونەتەوە فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێرەڤانى گوتی: "نەخشەى سیاسى سیاسییەکان دایدەڕێژن، ئێمەیش فەرمانى ئەوان جێبەجێ دەکەین. ئێمە نازانین لە داهاتوو چ رێککەوتنێک دەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام ئەوەیش دەزانم کە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بە سەرپەرشتى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتی دژبە داعش هەیە لەسەر ئەو ناوچانەى کە لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنترۆڵکراونەتەوە، هەرچەند سەرۆکى هەرێم و هەرێمى کوردستان پابەندى رێککەوتنەکەن، بەڵام لە ئایندەدا هەر سەرپێچییەکیش هەبێت، ئەوکاتە هەڵوێستێکى دیکەمان دەبێت".
لەبارەى رۆڵى پێشمەرگە لە کاتى ئۆپەراسیۆنى ناوەندى مووسڵ عەزیز وەیسی گوتی: "هیوادارین سوپاى عێراق بەسەر تیرۆرستانى داعشدا سەرکەوێت و پێویستى بە هیچ هێزێکى دیکەى ناوچەکە نەبێت. هەروەها رێککەوتن کراوە کە لە دوای شەڕ پۆلیسى مووسڵ و حکوومەتى خۆجێى و ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئەگەر هێزەکانی عێراق پێویستییان بە هاوکارى و پاڵپشتى پێشمەرگە هەبێت لە چوارچێوەى رێککەوتنەکە هاوکاریان دەبین".
فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێڕەڤانى، لیوا عەزیز و ەیسى گوتیشی: "هەموو کارئاسانییەکمان کردووە بۆ ئەوەى گیانى هاووڵاتییانى سیڤیل لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکان پارێزراو بێت و خەڵک نەبێتە قوربانى. لە رووى مرۆیشەوە کەمپ و شوێنى نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین کراوە و عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەسەر خەتن بۆ یارمەتیدانى هەرێمى کوردستان، لەبەر ئەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە قەیرانێکى دارایى سەختدایە، بۆیە بەخێوکردنى ئەو ژمارە زۆرى ئاوارەکان کارێکى ئاسان نییە و لە تواناى حکوومەتى هەرێم نییە".
-"پشت بەستن بە زانیارییەکانمان، داعش لە خەڵکى سیڤیل جیا دەکەینەوە".
وەیسى لەبارەى جیاکردنەوەى داعش لە خەڵکى ئاوارە گوتى: "بێگومان دەزانین تیرۆریستانى داعش لەسەر هەموو دانیشتووانى ژێر دەسەڵاتى خۆى سەپاندووە کە شێوە و رووخساریان لە تیرۆریستان داعش بچێت و یەکێکیش لەمانە درێژکردنى ریش و قژە، هەروەها پۆشینى ئەو جلوبەرگانەیە کە داعش فەرمانى بۆ دەرکردوون، ئەمەیش یەکێکە لەو تاکتیکانەى کە داعش پەیڕەوى دەکات بۆ ئەوەى خەڵک وەک قەڵغانى مرۆیى بەکاربهێنێت".
گوتیشى: "بۆ ناسینەوەى تیرۆریستانى داعش لە کاتى ئۆپەراسیۆنەکاندا هێزەکانى پێشمەرگە و ئاسایش ناو و زانیارى تەواویان لەبەردەستە کە کامە تیرۆریست لە کامە شوێن کردەوەى تیرۆریستى بەرامبەربە خەڵک یان هێزەکانى دژبە داعش ئەنجامداوە، جگە لەمەیش خەڵکى ناوچەکەیش تا رادەیەکى زۆر باش هاوکارن لە پێدانى زانیارى بەهێزە ئەمنییەکان و ژمارەیەک تیرۆریستى داعش لە ریزى ئاوارەکان دەستبەرسەر کراون لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى ئاسایش کە هەوڵیاندابوو لە رێگەى ئاوارەکانەوە خۆیان بگەیەننە ناو هەرێمى کوردستان و لە شار و شارۆچکەکان پشێوى بنێنەوە".
لیوا عەزیز وەیسى باسى یەکێک لە چەکدارەکان دەکات کە خەڵک رادەستى هێزەکانى پێشمەرگەى کردوون و دەڵێت "لە دوو رۆژى رابردوو تیرۆریستێکى داعش تا دوا گولـلـەى تفەنگەکەى دژى هێزەکانى پێشمەرگە لە گوندى عومەر قاپچى شەڕى کرد، دواتر لە ناو ماڵى خۆیدا ریش و قژى تاشیوە و خۆى گەیاندە ریزى ئاوارەکان، خەڵکى ئاوارەبووى گوندەکە زانیارییان بە هێزەکانى پێشمەرگە دا و دەستبەسەر کرا".
-"نامانەوێت حەشدى شەعبى لە تەلەعفەر، ئەزموونى تاڵى خانەقین و خورماتوو دووبارە بکاتەوە".
فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێڕەڤانى لەبارەى جموجۆلەکانى حەشدى شەعبى بۆ شارۆچکەى تەلەعفەر رایگەیاند "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هێزەکانى حەشدى شەعبى نییە، هیوادارین لە جەنگى دژبە داعش سەرکەوتوو بن، بەڵام ئێمە ئەزموونێکى تاڵمان لەگەڵ حەشدى شەعبى هەیە لە خانەقین و خورماتوو، نامانەوێت بەهیچ شێوەیەک ئەم ئەزموونە تاڵە لە شارۆچکەى تەلەعفەر دووبارە ببێتەوە. هێزەکانى پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک کێشەى مەزهەبى و ئایینى و عەشیرەتگەرى بە پەسەند نەزانیوە و کاریش لەسەر ئەو جۆرە کێشانە ناکات".
عەزیز وەیسی راشیگەیاند "پێمان باش نییە حەشدى شەعبى بە شێوازى تیرۆریستانى داعش هەوڵى چارەسەرى کێشەکان بدات، چونکە ئەو کارانەى لە ئەنبار ئەنجامیان دا کارى باش نەبوون، نابێت حەشدى شەعبى ئەو کارانە لە تەلەعفەر و ناوچەکەى دیکە دووبارە بکاتەوە."
لیوا عەزیز وەیسى گوتىشی: "نا بێت پەکەکە شەڕ و ململانێکانى لە تورکیا بگوازتەوە هەرێمى کوردستان و، لە شنگال کێشە بنێتەوە ئەو دەرد و نەهامەتییەى بەسەر دانیشتووانى تورکیاى هێناوە بەسەر هاووڵاتییانى ناوچەکانى هەرێمى کوردستانیش بێنێت، چونکە تورکیا درواسێى هەرێمى کوردستانە و بۆ هەرێم وڵاتێکى ستراتیجە و پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و تورکیا لە ئاستێکى زۆر باشدایە و هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتریش هەنگاو بنێن".
گوتیشى: " ئێمە هەموو بەهیواین دۆخەکە ئارام ببێتەوە خەڵک بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى، چاوەڕێى ئەوە ناکەین پەکەکە بێت لەسەر چیاى شنگال ئاڵاى خۆى بەرز بکاتەوە و بارودۆخى شنگال لە خراپەوە بو خراپتر ببات و مانەوەى پەکەکە لە شنگال کاتییە و دەبێت دەربچن، چاو سوورکردنەوەى پەکەکە لە شنگال بەهیچ شێوەیەک جێگەى قبووڵکردن نییە رێگەیش نادەین پەکەکە ببێتە باڵا دەست لە شنگال بازگە لە بەردەم دانیشتووانى شارەکەیش دابێنێت".
- "داعش هەموو سەرنجى لەسەر مێرد منداڵ هەرزەکارانە و چەکدارییان دەکات".
لیوا عەزیز وەیسى لەبارەى چەکدارکردنى خەڵک لەلایەن داعشەوە گوتى: "رێکخراوى تیرۆریستى داعش لە چەکدارى ناوەوەى عێراق و دەرەوەى عێراق پێکهاتوون، داعش کە پارێزگاى نەینەواى کۆنترۆڵ کرد هێزێکى گەورەى کەوتە دەست و خەلافەتى بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکەیش راگەیاند و دواتر سوپا و هێزى زۆریان بۆ خۆیان دابین کرد و گرووپى تیرۆریستیان دامەزراند و بەسەر جیهان بڵاوەیان پێکردن لە سووریاش پێگەى خۆیان بەهێز کرد، بەڵام خۆشبەختانە بە پاککردنەوەى پارێزگاى نەینەوا لە داعش، ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا لاواز دەبێت کە لە عێراق و سووریا داعش لاواز بوو کاریگەرى دەخاتە سەر هەموو چەکدارانى داعش لە هەر شوێنێکدا بن".
ئەوەیشى گوت: "داعش هەموو سەرنجێکى لەسەر مێرد منداڵ و هەرزەکارانە بۆ ئەوەى لە خشتەیان ببات بە ناوى ئایینەوە هەڵیانبخەلەتێنێت دواتر راهێنان و مەشقى سەربازییان پێبکات و بیانکات بە تیرۆریست و کردەوەی تیرۆریستییان پێ ئەنجام بدات. زۆربەى مێرد منداڵ و هەرزەکارەکانیش ئەوانەن کە کەم عەقڵ و کەم زانیارین، داعشیش ئەمەى وەک دەرفەتێک قۆستووەتەوە بۆ بە لاڕێ بردنیان، ئەمەیش وایکردووە چینێک لە گەنجى خۆکوژ پێبگەیەنن کە زۆربەیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵیدان، زۆربەى ئەو خۆکوژانەى لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کوژراون تەمەنییان لە ١٤ بۆ ١٥ ساڵیدا بوون".
-"هەموو کات ئەگەری هەیە پێشمەرگە بچێتە سووریا و دژى داعش بجەنگێت".
لەبارەى ئەوەى ئەگەر دواى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ چەکدارانى داعش بەرەو سووریا هەڵبێن، ئەگەرى ئەوە هەیە پێشمەرگە بچێتە سووریا بۆ جەنگى دژبە داعش؟ لە وەڵامدا فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى زێڕەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى گوتى: "هەموو کاتێک ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزەکانى پێشمەرگە بچێتە سووریا، چونکە لەشکرى رۆژ سەربە هێزەکانى زێڕەڤانى بۆ کوردستانى سووریا هاتووەتە دامەزراندن و پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ کوردى سووریان و هێزێکى بوێر و وڵاتپارێزن".
ئاشکراشى کرد کە هێزەکانى لەشکرى رۆژ سەربە هێزەکانى زێڕەڤانى بۆ ئەوەى کێشە و ناکۆکى لەگەڵ پەکەکە دروست نەبێت، نەگەڕاونەتەوە سووریا بۆیە لە هەرێمى کوردستان ماونەتەوە لەو ماوەیەیەشدا رۆڵێکى بەرچاو گرنگیان بینى لە تێکشکاندنى داعش لە زۆربەى میحوەرەکانى هەرێمى کوردستان".
گوتیشى: "پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ هەموویان داوا دەکەن بگەڕێنەوە سووریا لەو وڵاتە بەرگری لە ماڵ و حاڵى خۆیان بکەن، چونکە خزم و کەسوکارى پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ لە کوردستانى سووریادان و تەواوى خانەوادەکانیشیان لە چاوەڕوانى رۆڵە پێشمەرگەکانیانن، بەڵام پەکەکە بەربەستە لە بەردەم گەڕانەوەى پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ ئەمەیش کارێکى ناڕەوایە، چونکە باشتر وا بوو پەکەکە کار ئاسانى بکردایە بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ، لەبەر ئەوەى ئەم پێشمەرگانە هێزێکى ئامادەن و تەواو راهێنراون ئامانجیشیان بەرگریکردن و پاراستنى هاووڵاتییانە".
ئەو دەڵێت: "ئەگەر بەربەستەکانى پەکەکە نەمێنێت، ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى سووریا (ئەنەکەسە) داوا بکات بەرەیەکى شەڕ دژبە تیرۆریستانى داعش لە سووریا دروست بکەین، بێگومان هێزەکانى پێشمەرگە بە هەموو توانایەک لە ئامادە باشیدایە بۆ ئەوەى تەواوى هاووڵاتیانمان بپارێزین لە کوردستانى سووریا".
news_share_descriptionsubscription_contact



