Muhammet Ali Kemal
18 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە بەشار ئەسەد بەرپرسیار بکرێت لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی کە ئەنجامیان دەدات.
بەپێی راگەیەنراوێک کە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییەکەدا، ترەمپ پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کردووە بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنەی لە گشتپرسییەکەی ١٦ی نیساندا بەدەستی هێناوە.
هەروەها باس لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا کراوە و تاوتوێی سزادانی رژێمی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە لەدوای ئەو هێرشە کیمیاوییەی لە ٤ی نیساندا ئەنجامیدا، کراوە.
سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی سەرکۆماری تورکیای کرد بۆ ئەو پشتیوانییەی کە لە واشنتۆنی کردووە لەوبارەیەوە.
- تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی داعش کرا
لە راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا ئاماژە بەوەکراوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە بەشار ئەسەد بەرپرسیار بکرێت لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی کە ئەنجامیان دەدات.
باس لەوەشکراوە ئەردۆغان و ترەمپ، تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی داعشیان کردووە و و جەختیان لەسەر پێویستیی هاریکاریی لەبەرامبەر هەموو ئەو گرووپانەدا کردووەتەوە کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان پەنا دەبەنە بەر تیرۆر.