Fatih Erel
18 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2022
ئیستانبوڵ – AA
لە ناوەندی گشتیی یەکێتی تۆپی پێی جیھانی (FIFA) لە شاری زیۆرخی سویسرا، رێوەرسمی بەخشینی خەڵاتی باشترینەکانی ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامی دەنگدانی؛ کاپتنی ھەڵبژاردەکان، رۆژنامەنووسانی بواری وەرزش و ھاندەرە تۆمارکراوەکان لەلایەن فیفیاوە، یاریزانی ھەڵبژاردەی پۆڵەندا و ئەستێرەی یانەی بایەرن میونشن، رۆبێرتۆ لیڤاندۆڤسکی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی فیفای وەرگرت.
لیڤاندۆڤسکی، کە بۆ دووەمین جارە لەسەر یەک ئەو خەڵاتە دەباتەوە، کەوتە پێش لیۆنێل میسی ئەرژەنتینی و محەمەد سەڵاحی میسری و خەڵاتەکەی بردەوە.
ھاوکات، خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ لە خانمان بەخشرایە یاریزانی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا ئالێکسا پوتیلاس.
راھێنەری ئەڵمانیی یانەی چێڵسی، تۆماس توخیل کە ساڵی رابردوو توانی جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەدەستبھێنێت.
وەکو باشترین راھێنەری پیاو و لە بڕگەی باشترین راھێنەری خانمانیش خەڵاتەکە درا بە راھێنەری یانەی چێڵسی ئێما ھایزی ئینگلیزی.
لە رێورەسمەکەی فیفیادا، گۆڵپارێزی یانەی چێلسی ئیدوارد مێندیی سەنیگالی بە باشترین گۆڵپارێزی ساڵ ھەلبژێردرا و خانمە گۆلپارێزی یانەی پاریس ساینت جێرمان/ لیۆن، کریستینا ئێندلەر خەڵاتی خانمانی وەرگرت.
خەڵاتی فیفا بۆشکاش، کە دەدرێت بە جوانترین گۆڵ کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا تۆمارکرابێت، درا بە یاریزانی یانەی تۆتنھام ئێریک لامێلای ئەرژەنتینی لە بەرامبەر ئەو گۆڵەی کە لە یانەی ئارسیناڵی کردووە .
خەڵاتی تایبەتی فیفا بۆ پیاوان، بەخشرایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ. ئەستێرەکەی ھەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی مانچێستەر یونایتد، بەھۆی ئەوی زۆرترین گۆڵی لەسەر ئاستی ھەڵبژاردنەکان تۆمارکردووە ئەوە بە شایستەی خەڵاتەکە دانرا.