Zana Natık Kerem
05 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی رایگەیاند کە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، تۆمارنەکراوە.
ریاز عەبدولئەمیر حەلفی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە پشکنیینەکان بۆ دەست نیشان کردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە گۆراوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تاقیگەکانی سەربە وەزارەتی تەندروستیی، ئەنجام دەدرێن و گوتی: "پشکنیینەکان بۆ دەست نیشان کردنی حاڵەتەکانی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، تەنھا لە تاقیگەی ناوەندی ئەنجام دەدرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی راشیگەیاندووە کە تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، تۆمارنەکراوە و گوتی: " لەئێستادا، تەنھا گۆڕاوی دەلتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق بڵاوبووەتەوە".
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٨٣ ھەزار و ٨٨٩ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، لەو ژمارەیەش ٢٣ ھەزار و ٨٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٤٩ ھەزار و ١٩٤ کەسیش چاکبوونەتەوە، ھەروەھا تا ئێستاش، حەوت ملیۆن و ٦٦٠ ھەزار و ١٤٢ کەس لە عێراق دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.