Sarmand Hameed
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2023
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی و هاوتا ئێرانییەکەی، بەهرام عەینوڵڵاهی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بەمەبەستی هەماهەنگیی لە بواری تەندروستییدا واژوو کرد.
وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا کە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە تاران ئەنجامیدا، لەبارەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژووکرا رایگەیاند، یاداشتەکە ژمارەیەک دۆسیە لەخۆدەگرێت کە گرنگترینیان پەرەپێدان بە پشەسازیی دەرمان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموونە لە بواری تەندروستیی و پزیشکیی.
ساڵح حەسناوی بە ئاماژەدان بە قوڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رایگەیاند عێراق کار بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە دەکات لە رێگەی ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەکان کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی.
وەزیری تەندروستیی عێراق بەسەرنج خستنەسەر ئەوەی کاری لە پێشینەی حکوومەتی وڵاتەکەی لە بواری پەیوەندیی دەرەوە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراقە لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "حکوومەت کار دەکات بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە لە بوارە جیاجیاکاندا".
حەسناوی راشیگەیاند، کۆمەڵێک بابەت هەن کە پەیوەندیدارن بە بواری تەندروستیی و هاوبەشی زۆر لەنێوان هەردوو وڵات لەم بوارەدا هەیە لەوانە تەندروستیی گەشتیاران و تەندروستیی گشتی و ئاسایشی خۆراک و دەرمان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بۆ یەکەمجار لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، وەزارەتی تەندروستیی عێراق کارئاسانی دەکات بۆ تۆمارکردنی دەرمانی ئێران و بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لایەنی ئێرانی خۆیان لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی عێراق بگونجێنن.
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە هەماهەنگیی لەنێوان بەغدا و تاران لە بواری تەندروستی و پزیشکیی هەیە و هەزاران قوتابی عێراقی لە پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە زانکۆکانی ئێران درێژە بەخوێندن دەدەن.
راشیگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی بایەخ بە پیشەسازیی دەرمان دەدات و کاری لەپێشینەیان کارکردنە بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ئێران بۆ ئەمەش عێراق و چەندین هاوبەشی لەنێوان کۆمپانیا ئێرانییەکان و کەرتی تایبەت لە عێراق هەیە بەمەبەستی گواستنەوەی تەکنەلۆجیای ئێران لە بواری پیشەسازی دەرمان بۆ عێراق و حکوومەتیش هەموو ئاسانکارییەکی لەمبارەیەوە پێشکەشکردووە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان بە ئامانجی پەرەپێدان بە کەرتی تەندروستیی لە وڵاتەکەدا، دوێنێ هەینی وەزیری تەندروستیی عێراق، ساڵح حەسناوی بە سەرۆکایەتی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران.