Hawkar Yaseen
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوی رۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە پەتای کۆرۆنا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٢٣ کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ١٧٨ تووشبوو ، ١٦٩ لە دهۆک، ٧١ لە سلێمانی، چوار کەس لە راپەڕین و یەک کەسیش لە هەڵەبجە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٧٨ کەس لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ٢٠٠ کەس، ١٥٤ کەس لە دهۆک، ٨٨ کەس لە سلێمانی، ١٥ لە گەرمیان، ١٤ کەس لە راپەڕین و حەوت کەسیش لە هەڵەبجە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەشت کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، سێ کەس لە سلێمانی، سێ کەس لە هەولێر و دوو کەس لە دهۆک.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٥٢٢ هەزار و ١٦٨ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە، ٣٧٥ هەزار و ٩٩ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ٣٦٢ هەزار و ٥٠١ کەس چاکبوونەتەوە و پێنج هەزار و ٧٣٣ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان، هەروەها تا ئێستا شەش هەزار و ٨٦٥ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.