Hanife Sevinç,Berk Özkan
18 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
ئیستانبوڵ – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە تورکیا ھەرگیز پشتی لە ئەفریقا و گەلانی ئەفریقا نەکردووە و لە سەردەمی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ئەفریقا بە تایبەت لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا سەرەڕای سەختی ھەلومەرجی ئەو کاتیش تورکیا بە بەھێزی پشتیوانیان بووە.
ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردن لە دانیشتنی کردنەوەی سێیەمین لووتکەی ھاوبەشی تورکیا و ئەفریقادا، کە بە ناوی "ھاوبەشێکی پتەوکراو لە پێناو خۆشگوزەرانی و بوژانەوە بەیەکەوە"لە ھۆڵی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئیستانبوڵ ئەنجام دەدرێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ھەرگیز پشتی لە ئەفریقا و گەلانی ئەفریقا نەکردووە و لە سەردەمی بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ئەفریقا بە تایبەت لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا سەرەڕای سەختی ھەلومەرجی ئەو کاتیش تورکیا بە بەھێزی پشتیوانیان بووە.
ئەردۆغان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە ئەنجامی ھەوڵە ھاوبەشەکانی تورکیا و ئەفریقادا گەیشتوونەتە ئاستێکی پەیوەندییەکان کە ١٦ ساڵ لەمەوبەر ھەر خەیاڵیش نەبووە، گوتی: "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ کیشوەر(ی ئەفریقا) کە پێنج ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، لە ٢٠٢٠دا ٢٥ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند. لە رێگای دامەزراوەکانی وەک تیکا، ئەنیستیتۆی یونس ئەمرە، وەقفی مەعاریف، ئاژانسی ئانادۆڵو، ھێڵی ئاسمانی تورک و مانگی سووری تورکیا بوونی خۆمان لە سەرتاسەری کیشوەر(ی ئەفریقا) زیاتر کردووە".
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەو خەباتەی لەژێر دروشمی جیھان لە پێنجان گەورەترە دەستیان پێ کردووە، تەنھا لەپێناو خۆیاندا نییە، بەڵکو لە پێناو خەڵکی ئەفریقایشدایە، گوتی: "نادادپەروەرییەکی گەورەیە کیشوەری ئەفریقا کە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن ھاووڵاتی لەخۆدەگرێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش مافی قسە کردن و بڕیاردانی نەبێت".