واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما درەنگانی شەوی رابردوو لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و لە بارەی عێراقەوە گوتەیەکی پێشکەش کرد.
ئۆباما گوتی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەستیان بە گەیاندنی ھاوکاری و خوراک بۆ ئەو خەڵکە سڤیله کردووە کە لە ترسی داعش روویان لەچیای شنگال کردووە و گەیاندنی ئەو ھاوکارییانەیش لە چوارچێوەی داواکاری حکومەتی عێراقدایە و ئاماژە بەوەی كرد لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خهڵكی ئێزیدی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە چەكدارارنی داعش روویان لە چیای شنگال کردووە و حاڵی حازر بە ھەزاران كهس لە سەر چیای شنگالن بێ ئاو و خوراکن و تا ئێستا چەند کەسێک بە ھۆی تینوێتییەوە گیانیان لەدەست داوە و "داعش بە شێوەیەکی سیستەماتیک ھەوڵ بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ئێزیدییهكان دەدا و ئەمەش کۆمەڵکوژییە."
ئۆباما ههروهها گوتی: "ئێمە لە چوارچێوەی داواکاری حکومەتی بەغدا دەستمان بە جموجووڵ کردووە و ئەگەر ئێمە وەکو ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کومەڵکوژی تەنیا یەک رێگهی ههبێت، ئهوا ئەمریکا ئەو رێگهیه بەکار دەھێنێ و بۆ رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی ئەوا بە ھۆشیارییەوە دەست بە جموجووڵ و نانی ھەنگاوی پێویست دەکەین و ئەوەی لە چیای شنگال ئەنجاممان داوە، لەو چوارچێوەیەدایە. حاڵی حازر سوپای ئەمریکا دەستی بە گەیاندنی ئاو و خوراک بەو کەسانە کردووە کە لە سەر چیا گیریان خواردووە، ئەم حەفتەیە كهسێك له ئێزدییهكان ھاواری ئەوەی کرد کە لەم دونیایەدا کەس بە ھانامانەوە نەھات، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا ھاوکاری ئەو خەڵکە دەکات."
سهرۆكی ئهمریكا له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "ئەگەر داعش ویستی بەرەو ھەولێر بێ و ھەڕەشە لە کارمەندانی ئەمریکا لەو ناوچەیە بکات، ئەوا سوپای ئەمریکا دەسەڵاتی ھەیە بۆ لێدانی بنكهكانیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ سەر داعش ئەنجام بدات. کاتێک خۆم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد، بەڵێنی کۆتایی ھێنان بە شەڕی عێراقم دابوو و ئەو شەڕەمان بە کۆتایی ھێنا بۆیە جارێکی دیکە ئەمریکا سەربازی خۆی روانەی عێراق ناکاتەوە. بە ھیچ شێوەیەک رێگە بەوە نادەم ئەمریکا لە عێراق تووشی شەڕێکی دیکە ببێتەوە، ھەر چەند لە شەڕی دژی داعشیش سوپای ئەمریکا ھاوکاری عێراقییەکان بکا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ھێزی سەربازی ئەمریکا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە عێراق، چونکە بۆ ئەو قەیرانە گەورەی ئەمڕۆی عێراق، ئەمریکا ھیچ چارەسەرییەکی سەربازی نییە و تاقە چارەسەری رێککەوتنی نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق و دروستكردنی سوپایەکی بەھێزی عێراقییە."
دوای لێدوانەکانی ئۆباما لە بارەی دانی دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە سوپای ئەمریکا لە دژی داعش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لە لێدوانێکی چاپەمەنیدا گوتی: "داعش نە لە پێناو سوننەکان و نە لە پێناو عێراقێکی بەھێز شەڕ ناکا، بهڵكو تەنیا بۆ لاوازکردن و دابەشکردنی عێراق شەڕ دەکا و بێجگە لە قەیران، ھیچوپووچی و بێ رەحمی، ھیچ ئامانجێكی دیكهی نییه."
کیری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەو کردووە کە ئەمریکا دەستی بە جموجووڵ کردووە و رۆلی سەرۆکایەتی خۆی دەگێڕێ و دونیایش ناتوانێ لە شوێنی خۆیدا دابنیشێ و سەیری کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بکا. ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش و ئایدۆلۆژییە غەدارەکەی لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی ھاوکاری عێراق بکا، لەگەڵ ھاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا لە دانوستاندایە و بەو جۆرە درێژە بە شەڕی دژی داعش دەدەن.
لە لایەکی دیکە وەزیری بەرگری ئەمریکا چاک ھێگیل لە لێدوانێکی نووسراودا ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای ئەمریکا ئەگەر بە پێویست بزانێ بۆ شکاندنی ئابلووقەی سەر چیای شنگال و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە سەر چیا گیریان خواردووە، دەتوانێ ھاوکاری ئەو ھێزانە بکا کە لە دژی داعش لە ناوچەکەدا شەڕ دەکەن و لەو چوارچێوەیەدا بۆ لێدانی ئامانجە دەستنیشانکراوەکان ھێرشی ئاسمانی ئەنجام بدا. بێجگە لەمەش ئەگەر ھاتوو داعش ویستی روو لە ھەولێر بکا، ئەوا بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی له دژی بنكهكانی داعش ئهنجام دهدات.
ھێگل ئاماژەی بەوە کردووە کە تاقە چارەسەری باش لە بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسیییەکانی داعش رێککەوتن و ھەماھەنگی و ھاوکاری بەھێزی نێوان پێکھاتەکانی عێراق و بەھێزترکردنی سوپای عێراقە و حاڵی حازر کارمەندانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە عێراق سەرقاڵی راھێنانی سوپای عێراق و ھاوکاری کردنی سوپای عێراقن.
لە لایەکی دیکە زانرا کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کردووە.
بە پێی لێدوانێکی چاپەمەنی کۆشکی سپی، بایدن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە لایەن داعشەوە تەلەفوونی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کردووە. لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا بایدن پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ گیان لەدەستدانی ئەو کوردانەی کە لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش شەھید بوونە و بارزانیش لە بارەی ئەو ئیزیدیانەی کە لە چیای شەنگال گیریان خواردووە و ھەروەھا لە بارەی ھەڵومەرجی گەنجانی کورد ئەوانەی کە شەڕی داعش دەکەن، زانیاری پێشکەشی بایدن کردووە.