Dilara Zengin Okay
26 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2022
واشنتۆن – AA
ئەوە راگەیەندرا کە وەزیری دارایی ئۆکراینا، سێرخی مارچینکۆ بۆ ھاوکاری دارایی بەپەلە داوای لانیکەم مانگانە دوو ملیار دۆلاری لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن کردووە.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریکی وەزیری دارایی ئۆکراینا لە واشنتۆن لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکان تاکو مانگی حوزەیران داوای دوو ملیار دۆلاری لە ئەمریکا و کۆی گشتی پێنج ملیار دۆلار ھاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی کردووە.
مارچینکۆ، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ دابینکردنی ئابووریی پێویست و بردنەوەی جەنگەکە دەبێت بەزووترین کات کەلێنە ئابوورییەکان دابخەین.
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی وەرزی بەھاری بانکی جیھانیی سەر بە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردبوو کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی کە لە ھێرشەکانی رووسیاوە سەریھەڵداوە ئۆکراینا مانگانە پێویستی بە حەوت ملیار دۆلار ھاوکاری ھەیە.
لەلای خۆیەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جانێت یەلەن ھەفتەی رابردوو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە ئیدارەی بایدن ئامادەکاری بۆ داواکردنی ھاوکاری زیاتر بۆ ئۆکراینا لە کۆنگرێس دەکات.