Davit Kachkachishvili
25 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە سوپای رووسیا تا ئێستا ٢٥٩ فڕۆکەی جەنگیی لەدەستداوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا دەربارەی زیانەکانی سوپای رووسیا لە حەوت مانگی جەنگ (٢٤ی شوبات- ٢٤ی ئەیلوول)دا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٠٠ سەربازی رووسیا کوژراون و بەمەش ژمارەی ئەو سەربازە رووسیاییانەی تا ئێستا لە جەنگەکەدا کوژراون، گەیشتووەتە ٥٦ هەزار و ٧٠٠ سەرباز.
باس لەوەش کراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار فڕۆکەی جەنگیی رووسیا تێکشکێندراون و بەمەش ژمارەی ئەو فڕۆکانەی تا ئێستا سوپای رووسیا لەدەستیداون گەیشتووەتە ٢٥٩ فڕۆکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ٢٢٠ هێلیکۆپتەر، دوو هەزار و ٢٧٥ تانک، چوار هەزار و ٨٣٢ زرێپۆش، هەزار و ٣٦٨ تۆپهاوێژ، ٣٢٨ مووشەکهاوێژ و ١٧١ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا، بەدرێژایی جەنگەکە تێکشکێندراون.
هەروەها تێکشکاندنی سێ هەزار و ٧٠١ ئۆتۆمبێل، ٩٦٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ١٥ کەشتی و یەختی سوپای رووسیا راگەیەندراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی ٢١ی ئەیلوول، وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شوێگۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە جەنگی ئۆکراینادا، پێنج هەزار و ٩٣٧ سەربازی سوپای رووسیا کوژراون.