Haydar Şahin
25 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2022
تاران - AA
ئەو خۆپیشاندانانەی لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران لە دوای ئەوەی مەهسا ئەمینی ٢٢ ساڵان بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاساکانی باڵاپۆشی دەستگیرکرا و پاشان گیانی لەدەست دا سەریان هەڵدا، درێژەیان هەیە.
تارانی پایتەختی ئێران کە ماوەی چەند رۆژێکە هەموو ئێوارانێک دەبێتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان، دوێنێ تا کاتەکانی درەنگانی شەو خۆپیشاندانی تێدا بەردەوام بوو.
لە زیاتر لە ناوچەیەکی تارانی پایتەخت خۆپیشاندان سازکرا و لە هەندێ ناوچەشدا، هاووڵاتییان لە پەنچەرەی ماڵەکانییانەوە پشتیوانی خۆپیشاندەرانیان کرد.
لە شەقامی ئەبوزەڕ لە تاران، خۆپیشاندەران ئاگریان کردەوە و هەوڵیاندا بەربەست لەسەر شەقامەکەدا دابنێن لە بەرامبەردا، پۆلیس بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان بووەوە و بڵاوەی پێکردن.
لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، لە ناوچەی رێی شەهری تاران، خۆپیشاندەران هێرش دەکەنە سەر خاڵێک کە دەگوترێت ناوەندی سوپای پاسدارانە لە کاتێکدا لە شەقامەکەدا ئاگر بەدیدەکرێت، ناو بە ناو دەنگی تەقە دەبیسترێت.
لە ناوچەی سادقییە، شۆفێران بە هۆڕین لێدان پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی لە بەرامبەردا لە رێگەی بڵندگۆوە کە لە ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس بەسترابوون مارشی سوپای پاسداران لێدرا و هەوڵ درا بەوە دەنگی هۆڕینی ئۆتۆمبێلەکان دابمرکێننەوە.
لە شاری نوشەهر سەربە پارێزگای مازەندەران، هێزەکانی پۆلیس هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن کە هۆتافیان دەکێشا دژبە حکوومەت.
باس لەوە کرا کە بەهۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکانەوە، رێوشوێنی نوێ لە وڵاتەکەدا گیراوەتەبەر.
لە کاتێکدا بانگەشەوەی ئەوە دەکرێت کە لەنێوان پۆلیس و سەربازاندا ناکۆکی هەیە لە نزیکبوونەوە لە خۆپیشاندانەکان، باس لە دابەزینی سوپای پاسداران دەکرێت بۆ مەیدانەکە.
لەم نێوەندەدا، سنووردارکردنی ئینتەرنێت بەتایبەتی لە تاران بەردەوامە و رێگە نادرێت رۆژنامەنووسان چاودێری رووداوەکان بکەن.
ئەو رۆژنامەنووسانەشی لە ناوچەی خۆپیشاندانەکان دەستگیر دەکرێن، تۆمەتی سیخوڕییان دەدرێتە پاڵ.
لە لایەکی دیکەوە، لەو گرتەڤیدیۆییانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە هێزەکانی پۆلیس کاتەکانی بەیانی لە زۆر شاردا، هەڵمەتی پشکنینی ماڵەکانیان ئەنجامداوە و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیان ئەنجامداوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی تاران، ناوی ١٠ رۆژنامەنووسی دەستگیرکراوی بڵاوکردەوە و داوای کرد هەرچی زووە ئازاد بکرێن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران، سەرۆکی داواکاری گشتیی مازەندەران لە باکووری وڵاتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا، ٤٥٠ کەس دەستگیرکراون.
دوێنێ بەڕێوبەری ئاسایشی پارێزگای گیلان باکووری خۆرهەڵاتی ئێران، عەزیزوڵڵا مەلەکی ئاماژەی بەوە کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکەدا، ٧٣٩ کەس دەستگیرکراون کە ٦٠یان ئافرەت بوون.
لە زۆر شاری ئێران، دەیان کەس لە نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆ لە ماڵەکانیاندا دەستگیرکراون.
کەناڵی تیلیگرامی ئەنجوومەنەکانی خوێندکارانی ئێران بڵاوی کردەوە کە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٣٠ کەس.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستگیرکرابن زۆر لەوە زیاتر بێت کە راگەیەندراوە.