Mustafa Deveci
01 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2021
قودس - AA
کۆمپانیای تایبەتی ئەمنیی ئیسرائیلی (ImageSat International) کۆمەڵێک وێنەی بنکەیەکی نهێنی مووشەکیی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە کە بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە بنکەیەکی مووشەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کەتووەتەوە.
ئەو کۆمپانیایە بە بڵاوکردنەوەی دوو وێنەی جیاواز کە یەکێکیان لە ٢٢ی ئەیلوول و ئەوەی دیکەیان لە ٢٧ی ئەیلوول گیراوە، ئاستی خەسارەکانی ئەو دوو بنکە مووشەکییەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئاشکرا کردووە. لە وێنەی دووهەمدا دەردەکەوێت کە خەسارێکی زۆر بەر بەشێکی بیناکەی سوپا کەوتووە.
پێشتر سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردبوویەوە کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بنکەیەکی لێکۆڵینەوەی سەر بە سوپاکەیان، دوو ئەندامیان گیانی لەدەستداوە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی روون نەکردبوویەوە.