Mahmut Atanur
10 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای ئیندۆنێزیا رایگەیاند، شوێنی دوو سندوقی رەشی ئەو فڕۆکەیەی کە دوێنێ شەممە کەوتووەتە دەریاوە دۆزراوەتەوە، کارەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی پارچەکانی فڕۆکەکە.
لەمبارەیەوە فەرماندەی سوپای ئیندۆنێزیا، ھادی تججۆنۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كه، کەشتی جەنگی ( KRI – Rigel) کە بەشداری لە ھەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی پارچەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکە دەکات، شوێنی دوو سندوقی رەشی فڕۆکە تێکشکاوەکەی دۆزیووەتەوە و گوتی: "ئومێد دەکەین بە زووترین کات، ئەو دوو سندوقە رەشەمان، بەدەست بگات بۆ ئەوەی ھۆکاری رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکە، بزانین".
دوێنێ شەممە وەزیری گەیاندنی ئیندۆنێزیا، بودی کاریا سومادی رایگەیاندبوو كه، فڕۆکەیەکی سەربە ھێڵی ئاسمانی سریویایای پەیوەندی پێوە پچڕابوو، کەوتە نێو دەریاوە.
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە ئەو فڕۆکەیە بە ٦٢ سەرنشینەوە دوای پێنج خولەک لە فڕینی لە فڕۆکەخانە، پەیوەندی پێوە پچڕاوە و لە نێوان دوورگەی لانسانگ و لاکی کەناراوەکانی باکووری جاکارتای پایتەخت کەوتووەتە خوارەوە.
پێشتر بەرپرسانی ئاژانسی رزگارکردن و گەڕانی نیشتمانیی ئیندۆنێزیا رایانگەیاندبوو کە، لە چوارچێوەی کارەکانیان لە ناوچەکەدا، چەند پارچەیەکی فڕۆکەکەیان دۆزیووەتەوە.
لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، فڕۆکەیەکی سەربە ھێڵی ئاسمانی لیۆنی ئیندۆنێزیا، ماوەی کەم لە دوای فڕینی لە فڕۆکەخانەیەکی شاری جاکارتای پایتەخت کەتووەتە خوارەوە و ١٨٩ سەرنشین گیانیان لەدەستدابوو.