Muhammet Kurşun
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2020
تاران-AA
سوپای ئێران بە بەشداری هێزە زەمینی، دەریایی و ئاسمانییەکانی لە گەرووی هورمز و دەریای عومان دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی سێ رۆژی کرد.
کەناڵی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، مانۆڕەکە لەژێر ناوی "زولفەقار-٩٩" لە گەرووی هورمز، کەناری ماکران، دەریای عومان و باکووری ئۆقیانووسی هیندی ئەنجامدەدرێت.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانۆڕەکەدا، چەندین مووشەکی زەمین - زەمین، زەمین - دەریا، زەمین- ئاسمان و ئاسمان - زەمین نمایش دەکرێن.
باس لەوەیش کراوە کە چەندین رۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاقی دەکرێنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە هۆشداریان داوە بە ئەمریکا تا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە شوێنی مانۆڕەکە دووربخاتەوە کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگرین.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە دوابەدوای هۆشدارییەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە شوێنی مانۆڕەکە دوورکەوتوونەتەوە.