Kasım İleri
26 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مات میللەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە نێوان بێلاڕووسیا و رووسیا، ئیدانە کرد.
میللەر لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە رێککەوتنی رووسیا لەگەڵ بێلاڕووسیا بۆ هێنانی مووشەکی ئەتۆمی تاکتیکی بۆ بیلاڕووس، میللەر گوتی: "قسە لەبارەی ئەو بەڵگە یان هەڵسەنگاندنە ناکەم کە لەبەردەستماندایە. بەڵام دەمەوێت بڵێم کە بەتوندی ئیدانەی ئەو رێککەوتنەمان کردووە. ئەوە دوا رەفتاری نابەرپرسیارانەی رووسیایە کە دوای دەستدرێژییەکانی بۆسەر ئۆکراینا، بینیومانە".
بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشتریش رایانگەیاندووە کە لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی، کیمیایی یان ئەتۆمی لە ئۆکراینا، باجی قورس دەدەن، میللەر رایگەیاند کە هیچ ئاماژەیەک نییە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە.
دوێنێ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو و هاوتا بێلاڕووسییەکەی، ڤیکتۆر هرینین ئەو بەڵگەنامانەیان واژۆ کرد کە سەبارەت بە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووس ئامادە کرابوو.