Mazın Asad
09 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن بانگەوازی بۆ سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر کرد بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر وڵاتی قەتەر سوک بکەن.
تیلەرسن لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونکردنەوەی دەربارەی قەیرانی دیپلۆماسی قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە گەمارۆکانی سەر قەتەر، رێگری لە ھەوڵەکانی سەربازیی ئەمریکا و بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات و گوتیشی: "بانگەوازی بۆ سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر دەکەین بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر وڵاتی قەتەر سوک بکەن".
تیلەرسن گوتیشی: "ئەم گەرۆمایە ئەنجامی مرۆیی ھەیە. کەمی خۆراک و زەحمەتی ژیانی ھاووڵاتیان و نەچوونی منداڵان بۆ قوتابخانەکانیانمان بینی. پێمانوایە ئەنجامی نەخوازراو بە تایبەتی لە مانگی رەمەزان ھاتووەتە ئاراوە. بۆیە پێویستە ئەمە زوویی چارەسەر بکرێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە نیوەندگێری وڵاتی کوێت لە قەیرانی قەتەر دەکات و راشیگەیاند ھەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە دەنرێت.
تیلەرسن ھەروەھا گوتی: "ئێمە بانگەوازی دروستبوونی دیالۆگ بەشێوەیەکی ئارام دەکەین. لە پێناو بەھێزبوونی پەیوەندی لایەنەکان، دەشێت حسیاب بدرێت. دەمانەوێت گرژی زیاتر لە ناوچەکە روونەدات".
رێکس تیلەرسن بۆ قەتەر رایگەیاند پێویستە گوێبستی نیگەرانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "قەتەر پشتیوانی لە ھەندێک لەو گرووپانە کرد کە لە سیاسەتەوە بۆ توندوتیژی تێپەڕبوون. بۆ چارەسەری ئەمە ھەنگاو نرا، بەڵام پێویست بە ھەوڵی زیاتر ھەیە".