Hawkar Yaseen
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
لە مەراسیمێکدا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی میرەی وەزارەتی پێشمەرگە، قۆناغێکی دیکەی هاوکارییە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا پێشکەشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا.
هاوکارییەکان بریتیبوون لە چەندین ئامێری سەربازی نوێی سەردەم، ژمارەیەک بارهەڵگری سەربازیی، ١٥٠ هەمەری سەربازیی، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سووتەمەنی، ژمارەیەکی زۆر چەکی نوێ و بێتەل و چەندین کەرەستە و پێداویستی جۆراوجۆری گرنگ و نوێی سەربازی و هەردوو لیوای ١٤ و ١٦ی پیادەی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێ پڕچەککران.
جگە لە دابینکردنی هاوکارییەکان ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگە لە هەردوو لیوای 14 و 16ی هێزی پێشمەرگە، لە مەشق و راهێناندان بۆ راهاتن و فێربوون لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو چەک و کەرەستانەی بۆیان دابینکراوە.
وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شۆڕش ئیسماعیل لە وتارێکدا لە مەراسیمی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا رایگەیاند "ئەمڕۆ خۆشحاڵم بە راگەیاندنی قۆناغێکی دیکەی هاوکارییەکانی سوپای ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شانازییەکی دیکەمان پێبڕا بەئاراستەی بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانماندا لەنێویشیاندا هاوکارییەکانی دەوڵەت و سوپای ئەمریکا".
گوتیشی "ئەم کۆمەک و هاوکارییانە خۆی پەیامێکە دەرخەری ئەو راستیەیە کە بە یەکڕیزی و پێکەوە کارکردن و بەردەوامیدانی ئێمە بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا پاڵپشتی و پشتگیریکردنمان زیاتر و بەردەوام دەبن بەڵام لە پەرتەوازەییدا ئەو ئامانجە هەرگیز بەدی نایەت، بۆیە بە شانازییەوە هەنگاوەکانمان لە پرۆسەی ریفۆرمی سەربازیدا بەردەوام دەبێت لێرەشەوە کارکردن و هەوڵ و هەنگاوەکانی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەرز دەنرخێنین".
شۆڕش ئیسماعیل راشیگەیاند "ئەمڕۆ رۆژێکی دیکەی مێژوویی دێتە سەر خەرمانی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانمان لەگەڵ وڵاتێک کە هەمیشە بایەخی بۆ هێزی پێشمەرگە هەبووە و هەیە هەنگاوێکی دیکە بەو ئاراستەیە دەنێین، ئەمڕۆ دۆستایەتی گەلی کورد و ئەمەریکا بەو هاوکارییانە دەچێتە قۆناغێکی بەهێزتر کە بێگومان بۆ هەردوو گەلی دۆست شانازییە و ئێمە هەمیشە بە شانازییەوە ئەم دۆستایەتییەمان باسکردووە و هیواخوازین ئەو پێکەوەبوونەمان بەردەوام بێت".
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی "هاوکارییەکانی هێزی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان سودێکی یەکجار گەورەی هەبووە و هەیە، هاوکارییەکانی ئەمرۆش خۆی لە چەندین کەلوپەلی سەردەمی دەبینێتەوە بۆ پڕچەککردنی هێزەکانمان کە بریتییە لە زرێپۆش و کەلوپەلی سەربازی بە ستانداردی سەربازیی سەردەم، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی دیکەی گرنگ بۆ بەهێزکردنی هێزەکانمان لەرووی لۆجستییەوە، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە رۆڵی سوپای ئەمەریکا لەپێشخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم رووەکانەوە لە پشتیوانییەکانیان لەرووی لۆجستی و مەشق و راهێنان و هاوکارییە بەردەوامەکانیان بەرزدەنرخێنین، هەمیشە کار بۆ بەهێزکردن و بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی ئەو هاوکارییانە دەکەین و گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو هاوکارییانە لەبیر ناکات".
وەزیری پێشمەرگە باسی لە پەیوەندییەکانی ئێستای هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد و رایگەیاند "هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێستادا پەیوەندییەکی باش و پتەو و بەردەوامیان لە گشت ئاستەکاندا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و سوپای عێراقدا هەیە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کار بۆ باشترکردنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە دەکەین وە هەوڵ بۆ هەماهەنگی پتەوی پەیوەندییەکانی نێوانمان لەسەرجەم لایەنەکانەوە دەدەین بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان هەیە لەو رووەوە پێویستمان بە هەماهەنگی و کاری باشتر هەیە بۆ پاراستی خەڵک و خاکی ئەو ناوچانە و تێکشاندن و رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش لەو ناوچانە".
شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی "هەموومان دەزانین ئێستا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئێمە لە قۆناغێکی هەستیارداین، هەست بە مەترسییەکانی داعش و بەهێزبوونەوەیان دەکەین، لەهەندێ ناوچەدا جموجۆڵ و کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن بۆیە وەک هێزی پیشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانەکانمان هەنگاوی جدییمان ناوە بۆ خۆرێکخستنەوە و باشتر رووبەرووبوونەوەی هەر ئەگەرێک و کار بۆ هەموو ئەگەرێکی لەناکاو و نەخوازراویش دەکەین، لەم روانگەیەشەوە پێویستمان بە هاوکاری هەمەلایەنە هەیە بۆ رەواندنەوەی هەر مەترسییەک کە دەکەوێتە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەت و خەڵکی عێراق و ناوچەکەش بەگشتی".
دواتریش بەرپرسی باڵای سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جەنەراڵ جۆن تایکەرت وتارێکی پیشکەشکرد و رایگەیاند "دوێنێ گفتوگۆیەکمان هەبوو باسی ئەو هەماهەنگییەی هەردوولامان کرد و نانێکیشمان خوارد بەیەکەوە، تامی خواردنە کوردیەکە زۆر بە بەچێژ و بەتام بوو ئەوەی بەچێژتریش بوو تامی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە کە لەنێوان هەردوولاماندا هەیە".
گوتیشی "خۆشحاڵم کە لێرەم و ئەم هەماهەنگییەی نێوانمان بەڕیوەدەچێت، میرە ئێستا پڕکراوە لە چەک و جبەخانە و رادیۆ و هەندێ ئامێر و کەلوپەل کە پێویستن، ئەم ئامێر و کەرەستە سەربازییانە وادەکەن هێزی پێشمەرگە زۆر بەهێزتر و بەتواناتر بکەن".
جەنەراڵ جۆن تایکەرت رایگەیاند "کاتێک ئەو چەک و جبەخانەیەی ئێمە پێشکەشمان کردوون بەکاردەهێنرێن، ئەمانە نیشانەیەکی بەرجەستەکراوی پەیوەندیی قوڵ و درێژخایەنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، بەیانی لە ئەمریکا رۆژی پشووە کە پێی دەڵیین رۆژی جەنگاوەران و ئێمە لەو رۆژەدا یادی ئەو جەنگاوەرانە دەکەینەوە کە رۆژێک لە رۆژان جەنگاون لەنێو سوپای ئەمریکا لەپێناو ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا کاری بۆ دەکات، جێگای خۆشحاڵیشە ئەم مەراسیمە هاوشانە لەگەڵ ئەو رۆژەدا و ئەمرۆ لێرە ئەم ئاهەنگە بەڕێوە دەبەین بۆئەوەی رێزبنێرین بۆ ئەو ژن و پیاوانەی ئەمریکا کە لە پێناوی هەرێمی کوردستان خۆیان بەختکرد".
گوتیشی "دەمەوێت لێرەوە بڵێم ئێمە بەردەوام دەبین لە جەنگ دژی ئەوانەی ویستوویانە ژیان بخەنە مەترسییەوە و ئازارمان پێ بگەیەنن بۆیە دەبێت بۆ بەردەوامیدان خۆمان رێکبخەین و چاکسازی بکەین، ئێمە بەردەوام چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکەین دەربارەی ئەو بەرەوپیشچونانەی کە لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەرێوەدەچێت، ئەو چەک و جبەخانانەی لەم میرەیەدا هەن دەبنە هۆی بەهێزکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەڵام هێزی لەبن نەهاتووی پێشمەرگە ئەو ژن و پیاوانەن کە لە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە لەسەرپێی خۆیان وەستاون و ئەم چەکانە بەکاردەهێنن دژی دوژمنەکانیان".
لە کۆتایی وتارەکەشیدا بەرپرسی باڵای سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جەنەراڵ جۆن تایکەرت رایگەیاند "دەمەوێت بڵێم ئێمە بەردەوام دەبین و پابەندیمان هەیە کە بەردەوامبین لەگەڵتان، باشترین وەفا و رێزیش بۆ ئەوانەی لەپیش ئێمەدا گیانی خۆیان بەخشیوە ئەوەیە کە بەردەوامبین بەیەکەوە و بە یەکگرتوویی هاوشانی یەک خەبات بکەین".